بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زێرەڤانی: درێژکردنەوەی پلانەکە بە فەرمانی سەرۆك بارزانی دەبێت و گوندی موفتیش بەتەواوی كۆنتڕۆكراوە
عەقید دڵشاد مەولوود، بەرپرسی ڕاگەیاندنی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، ڕاگەیاند: بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە (29\5\2016)، هێزی پێشمەرگەی کوردستان، هێرشی کردە سەر ئەو گوندانەی کە لە میحوەری خازردا لەژێر دەستی داعشدا بوون، ئێستاش هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە پێشڕەوی دایە، لەسەرجەم قۆڵەکانەوە داعشی تێکشکاندووە”. دووپاتیشی کردەوە، بە هێرشکردنە سەر ئەو گوندانە، مەترسی لەسەر دەوروبەری هەولێر کەم کرایەوە، چونکە ساڵی ڕابردوو داعش لەو گوندانەوە بە کاتیۆشا، هێرشی کردە سەر شارۆچکەی خەبات. گوتیشی: “بە ئازادکردنەوەی ئەو گوندانە، مەترسی لەسەر خەبات نامێنێت".
بەرپرسی ڕاگەیاندنی زێرەڤانی دووپات کردەوە، ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمڕۆ لەژێر سەرپەرشتیی بارزانییە. گوتیشی: “سەرۆکی هەرێمی کوردستان چۆن بەڵێنی بە ئێزدییەکان دا، ناوچەکانیان ئازاد بکاتەوە و ئەوەبوو شەنگالی ئازاد کردەوە، ئاواش بەلێنی بە کاکەییەکان داوە، گوندەکانیان ئازاد دەکاتەوە”.
لەبارەی درێژکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکەی پێشمەرگە بۆ سەر چەکدارانی ڕێکخراوی توندڕەوی داعش، عەقید دڵشاد مەولوود دووپاتی کردەوە: “ئەم بڕیارە بۆ فەرمانی بارزانی دەگەڕێتەوە، ئەو چ بڕیارێک بدات، پێشمەرگە جێبەجێی دەکات”.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئێستا پێشمەرگە گوندی (موفتی) کۆنتڕۆڵ کردووەتەوە و لە پێشڕەوییەکانیشی بەپێی ئەو پلانەی بۆ ئازادکردنەوەی ناوچەکان دایناوە، بەردەوامە.
باسنیوز
