سەڵاحەدین بەهادین، بوو بە ئەمینداری گشتی یەكگرتوو
دوای كێبڕكێی لەگەڵ ئەبوبەكر كاروانی لەقۆناغی دووەمی هەڵبژاردن بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی یەكگرتوو، سەڵاحەدین بەهادین توانی بە بەدەستهێنانی 801 دەنگ هەڵبژاردنەكە بباتەوەو بۆ جارێكی دیكە ببێتەوە بە ئەمینداری یەكگرتوو، لەبەرامبەردا كاروانی 268 دەنگی بەدەستهێنا.
ئەوەش دوای ئەوەهات لەقۆناغی یەكەمی هەڵبژاردن بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی یەكگرتوو كە لەنێوان 3 كاندیددا بەڕێوەچوو هیچكامیان نەیانتوانی 2 لەسەر 3ی دەنگەكان بەدەست بهێنن كەدەیكردە 735 دەنگ، هەربۆیە هەڵبژاردنەكە چووە قۆناغی دووەمو لەو قۆناغەدا بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگەكان بەس بوو بۆ بوون بە ئەمیندار.
لەقۆناغی یەكەمدا سەڵاحەدین بەهادین 687 دەنگو ئەبوبەكر عەلی 221 دەنگو محەمەد رەئوف 194 دەنگی بەدەست هێنا لەكۆی هەزارو 102 دەنگی ئەندامانی كۆنگرە كە دەنگیاندابوو.
جگە لەو سێ كاندیدە، محەمەد فەرەج ئەمینداری پێشووی یەكگرتووش سەرەتا خۆی كاندیدكردبوو، بەڵام دوای پێشكەشكردنی راپۆرتی ئەمینداری گشتی، بڕیاریدا كاندیدبونی خۆی بكشێنێتەوە بۆ پۆستی ئەمیندار، داواشی لەدوو كاندیدەكەی تر كرد لەبەر سەڵاحەدین بەهادین، نەچنە كێبڕكێی بەدەستهێنانی ئەو پۆستەوە، بەڵام محەمەد رەئوفو ئەبوبەكر كاروانی كشانەوەیان رەتكردەوە.
محەمەد رەئوفو ئەبوبەكر كاروانی، لەدوو لێدوانی جیاوازدا بۆخەندان، جەختیانكردەوە لەوەی دەچنە كێبڕكێی بەدەستهێنانی پۆستی ئەمینداری گشتی، نیگەرانیشیان پیشاندا لەداواكارییەكەی محەمەد فەرەج.
كشانەوەی محەمەد فەرەج لەكاتێكدابوو، چاوەڕواندەكرا لەكۆنگرەی حەوتەمی یەكگرتوودا كێبڕكێی گەورە لەسەر ئەمینداریەتی گشتی ئەو حزبە ببێت، بەتایبەت كە سەڵاحەدین بەهادین دامەزرێنەری یەكگرتوو جارێكیتر خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستەكە كاندید كردەوە، دوای ئەوەی لەدوایین كۆنگرەی حزبەكە لەساڵی 2012دا دەستبەرداری پۆستەكەی بوو.
لەپەیڕەو و پڕۆگرامی ناوخۆیی یەكگرتووی ئیسلامیدا هاتووە، ئەو كەسەی دەبێتە ئەمینداری یەكگرتوو دەبێت دوو خول ئەندامی مەكتەبی سیاسی بووبێت، تەمەنی لە 40 ساڵ كەمتر نەبێتو لە كۆنگرەدا 3/2ی دەنگەكان بەدەستبهێنێت.
دوای هەڵبژاردنی ئەمیندار، بڕیارە هەر ئەمشەو پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی بۆ 35 كەس بەڕێوەبچێت، پاشان دەستەی باڵای بەدواداچوون كە ژمارەیان نۆ ئەندامە هەڵدەبژێردرێن.
بەپێی پەیڕەو و پڕۆگرامی نوێی یەكگرتووش كە ئەمڕۆ پەسەندكرا، یاریدەدەرانی ئەمینداری گشتی یەكگرتوو نامێنن، لەكاتێكدا پێشتر ئەمیندار دوو یاریدەدەری هەبووە.
یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە 6ی شوباتی 1994 راگەیەندراوەو ئەمە حەوتەم كۆنگرەیەتی كە كاتژمێر 10ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەهۆڵی سەعد عەبدوڵا لەشاری هەولێر، بەبەشداری زیاتر لە 1100 ئەندام دەستیپێكردو دوو رۆژ دەخایەنێت.
لەكابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، یەكگرتوو وەزارەتەكانی گواستنەوەو گەیاندن، كارو كاروباری كۆمەڵایەتی، لەگەڵ فەرمانگەیەكو چەند وەزیرێكی هەرێم-ی وەرگرتووە، لەحكومەتە خۆجێیەكانی سلێمانیو دهۆكیش بەشداریكردووە.
یەكگرتوو لەپەرلەمانی كوردستان 10 كورسیو لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش چوار كورسی هەیە.
سەڵاحەدین محەمەد بەهادین
سەڵاحەدین محەمەد بەهادین، لەخێزانێكی ئاینی ناسراو ساڵی 1950 لەشارۆچكەی تەوێڵە سەر بەپارێزگای هەڵەبجە، لەدایكبووە.
ساڵی 1965 پەیوەندی كردوە بە كۆمەڵەی ئیخوان موسلیمینەوە، ساڵانی 1968-1969 خانەی مامۆستایانی تەواو كردوە، لەساڵانی 1971-1981 كاری مامۆستایەتی كردوەو 1978 بەشداری كردوە لە دامەزراندنی كۆمەڵەی نوسەرانی موسوڵمانی كورد.
ساڵی 1981 دورخراوەتەوە لەمامۆستایەتی بەهۆی پەیوەندی نەكردنی بە خزمەتی سەربازیەوە، ساڵی 1982 كۆچیكردووە بۆ ئێرانو لەوێ سەركردایەتی جوڵانەوەیەكی دەعەوی ئیسلامیو رۆشنبیری كردووە.
نزیكەی 10 ساڵ بەسەر دەبات لە وڵاتانی ئێران و توركیا و كەنداو تاگەڕانەوەی بۆ كوردستان پاش راپەڕینی 1991، دواتر سەركردایەتی رێكخستنەوەی گەنجانی ئیخوان دەكات لەكوردستان لەرێكخستنێكی سەربەخۆدا، كە پاشتر لەژێر ناوی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە (6/2/1994) خۆی راگەیاند.
ساڵی 1994 بەیەكەم ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی هەڵبژێردراو تاوەكو ساڵی 2012 لەتەواوی پێنج كۆنگرەی حزبدا هەڵبژێردراوەتەوە، پێش كۆنگرەی شەشەمیش كە لەئایاری 2012 بەسترا بەویستی خۆی بڕیاریدا خۆی بۆ ئەو پۆستە هەڵنەبژێرێتەوە.
ساڵی 2003 هەڵبژێردرا وەك ئەندام لە ئەنجومەنی فەرمانڕەوایی عیراق، كە پاش روخانی رژێم بنیاتنراو لە 25 كەسایەتی سیاسی عیراقی پێكهاتبوو، ساڵێك دواتر بووە ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانی كاتیی عیراق.
لەساڵی 2009دا بەدەستپێشخەری ئەو، لیستی خزمەتگوزاری و چاكسازیی پێكهێنرا لەنێوان هەریەكە لە یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان، كۆمەڵی ئیسلامی، حزبی سۆسیالیستو حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، بۆ بەشداریكردن لەهەڵبژاردنی 25ی (تەمموز/7)ی پەرلەمانی كوردستان.
كۆمەڵێك نوسراوی هەیە لە بوارەكانی فكری ئیسلامی، پەروەردە، بانگەوازو چیرۆك بەهەردو زمانی كوردیو عەرەبی.
لەچەند هەفتەی رابردودا، دوای چوارساڵ لەدەستبەرداربونی لەپۆستەكە، ئاشكرایكرد كە نیازی خۆكاندیدكردنەوەی هەیە بۆ پۆستی ئەمینداری یەكگرتوو.
