خورماتوو.. عەرەب و تورکمان داوا دەکەن ببنە پێشمەرگە

خورماتوو.. عەرەب و تورکمان داوا دەکەن ببنە پێشمەرگە
بەشێک لە عەرەب و تورکمانە سوننییەکانی شاری خورماتوو داوا دەکەن ببنە پێشمەرگە و لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پارێزگاریی لە کوردستان بکەن.



رۆژی شەممە 28ـی ئایاری 2016، ئەحمەد عەزیز شیخ لەنگەری، بەرپرسی ناوچەی خورماتووی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند، عەرەب و تورکمانە سوننەکانی خورماتوو لە ڕەفتارەکانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی شیعەمەزهەب بێزارن، چونکە چەکدارانی میلیشیاکان بە بەردەوامی ھەڕەشەی لەناوبردن لەو عەرەب و تورکمانە سوننییانە دەکەن.



ئەحمەد عەزیز شێخ لەنگەری ئاماژەی بەوەش کرد، کە ڕۆژانە هاووڵاتییانی عەرەب و تورکمانی سوننەمەزهەب پەیوەندییان پێوە دەکەن و دوایان لێدەکەن ”ناونووسیان بکەین بۆ ئەوەی ببنە پێشمەرگە و بەرگری لە ماڵ و حاڵی خۆیان بکەن“.



پێشتر مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستان فەرمانی دامەزراندنی لیوایەکی پێشمەرگەی لە گەنجانی خورماتوو دەرکرد و ئەو بەرپرسەی پارتیش لەو شارە رایگەیاند، کە کارەکانی دامەزراندنی لیواکە بەردەوامە.



خورماتوو شارێکی کوردستانییە و بە بڕیاری رژمی بەعسی عێراق لە ساڵی 1977 لە پارێزگای کەرکووک دابڕێنراوە و خراوەتە سەر پارێزگای سەڵاحەدین.







باسنیوز
Top