پەرلەمانتارێکی کوردی ئێران: ڕۆحانی لە بەڵێنەکانی ڕاستگۆ نەبوو
موحسین بیگلەری، نوێنەری خەڵكی سەقز و بانە لە پەرلەمانی ئێران، لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ نوێنەرانی ژووری بازرگانیی پارێزگای سنە ڕای گەیاند: "بەشی باج و بازرگانی لە پارێزگای سنە دەبووایە داینامۆی پێشکەوتن بێت، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەو پارێزگایە بەرەو دواوە دەبات".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، لەبارەی بەڵێنەکانی ڕۆحانی، نوێنەری شارەکانی سەقز و بانە ئاشکرای کرد: "یەكەم بەڵێنی ڕۆحانی، دانانی خەڵكی خۆماڵی بوو لە پۆستەکانی بەڕێوەبەری لە پارێزگای سنەدا، بەڵام جێبەجێی نەكرد، ئەوەش لە کاتێک دایە کە لە پارێزگاکانی دیکەی ئێران، پۆستە خۆجێییەکانی بە خەڵکی ناوچەکە دەدرێت".
بە گوتەی بیگلەری، پارێزگای سنە سەرەڕای ئەوەی لە ڕووی هێزی مرۆیی و خوێندەواریدا دەوڵەمەندە، لە ڕووی هەڵکەوتەی جوگرافی و ژینگەشدا دەکرێ دەرهاوێشەی باشی بۆ خەڵکی پارێزگاکە هەبێت، بەڵام گوتی: “سنە پەراوێز خراوە”.
ئەو نوێنەرە کوردەی پەرلەمانی ئیران دووپاتی کردەوە: “كابینەی حەسەن ڕۆحانی کە بە دروشمی هاوبیری و هیوا هات و بەڵێنی زۆری بە خەڵكی كوردستان دا، بەڵام هیچی بەجێ نەگەیاند”.
ئەمە یەکەمین جار نییە کە کوردانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ڕەخنە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەگرن، بەوەی ئەو بەشەی کوردستانیان بە تەواوی پشتگوێ خستووە.
باسنيوز
