سەفین دزەیی: لە سەر سیاسەتی فرۆشتنی نەوتی خۆمان بەردەوام دەبین
سەفین دزەیی،گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری ناشناڵ ئینتریستی ئەمریکی رایگەیاند: "نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سوورە لە سەر پەرەپێدان بەم کەرتە و دروستکردنی بارودۆخێکی لەبار بۆ ئەو کۆمپانیایانەی لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستاندا کاری وەبەرهێنان دەکەن.
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی، راستە شەڕی داعش هەندێک کێشەی لەم بوارەدا دروستکرد، بەڵام سیاسەتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان لە سەر رێڕەوێکی راست دەڕوات.
سەفین دزەیی دەڵێت: "95%ی بودجەی هەرێمی کوردستان پشت بە نەوت دەبەستێت، لە بارودۆخێکی ئاساییدا حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی نەوت بۆ بەرەو پێشبردنی کەرتی گەشتوگوزار و کشتوکاڵ و پیشەسازییەکانی دیکە بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان تەنیا پشت بە نەوت نەبەستێت".
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد: "مافێکی یاساییی و دەستووری هەرێمی کوردستانە نەوتی خۆی بفرۆشێت، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە بەغدا بەشە بودجەی هەرێم نانێرێت. هەرێمی کوردستان لەگەڵ رێکخراوی داعش لەشەڕدایە و نزیکەی یەک ملیۆن و هەشت سەد هەزار ئاوارەشی لەخۆگرتووە".
. سەفین دزەیی دەڵێت: "حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی هەوڵی خۆی دەدات بۆ دابینکردنی بودجەی هەرێمەکەی".
لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەدا دەڵێت "ئێمە لە سەر سیاسەت فرۆشتنی نەوتی خۆمان بەردەوام دەبین، بەڵام ئەگەر بەغدا ئامادەیە لەگەڵمان رێکبکەوێت ئەوا ئێمەش ئامادەی رێککەوتنین".
