مەحمود محەمەد بۆ گوڵان: رێككەوتن لەسەر بەرێوەبردنی پارێزگای نەینەوا دوای داعش ..لە ئازادكردنەوەی موسڵ گرنگترە

مەحمود محەمەد بۆ گوڵان: رێككەوتن لەسەر بەرێوەبردنی پارێزگای نەینەوا دوای داعش ..لە ئازادكردنەوەی موسڵ گرنگترە
ئەوەی لای كورد گرنگە ئەوەیە ئایا دوای ئازادكردنەوەی موسڵ ، چۆن لەسەر بەرێوەبردنی پارێزگای نەینەوا ریكدەكەوین، پارێزگای نەینەوا موزائیكیكی تایبەتی هەیە و ناكرێت بەهەمان شێوازی پێش داعش بەرێوە ببرێت، سەبارەت بەم پرسە مەحمود محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بەمجۆرە بە گوڵانی راگەیاند: ( دیارە مەسەلەی موسڵ چەند رەهەندێكی هەیە، رەهەندی یەكەمی مەسەلەی ئازادكردنەوەیەتی لە دەستی داعش، رەهەندەكەی دیكەی ئەوەیە دوای ئازادكردنەوەی موسڵ چۆن ئیدارەی پارێزگای نەینەوا دەكرێت. سەبارەت بە رەهەندی یەكەمیان كە پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵە، ئەم لایەنە پلانی سەربازی تێدەكەوێت، بەوەی كورد لە كوێوە بەشداری دەكات و چۆن بەشداری دەكات، ئەمەیان پێویستی بە رێككەوتنی سەربازی هەیە، لەم لایەنەوە سەبارەت بە گرینگیی موسڵ بۆ هەرێمی كوردستان، دیارە بوونی داعش لە ناو موسڵ كاریگەری راستەوخۆی لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە، بەتایبەتیش لە هەر سێ پارێزگای دهۆك و هەولێر و كەركووك، بۆیە بۆ هەرێمی كوردستانیش گرینگە داعش لە موسڵ نەمێنێ، لەبەر ئەوەی ئێمە بەسەدان هەزار پێشمەرگەمان لەبەرەكانی شەڕی دژی داعشە و رۆژانە لە هێڵێ پێشەوە شەهید دەدەین، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین ئازادكردنەوەی موسڵ ئاسان نیە، موسڵ شارێكی گەورەیە و مۆزایكی جیاوازی تێدایە، ناو شارەكە بەشی زۆری عەرەبە لەناو عەرەبەكاندا دابەشبوونی سیاسی هەیە جگە لەوەی سوننە و شیعە لەناو ئەو پارێزگایە بوونی هەیە. هەروەها ریژەیەكی بەرچاوی ناو شارەكە كوردە، لەرووی ئایینەوە بەشێكی كوردی موسڵ ئێزدین، پێكهاتەكانی دیكەش وەك كلدان سریان ئاشوری و توركمان بوونیان هەیە، بۆیە لە قۆناخی یەكەمدا كە پرۆسەیەكی سەربازییە پرسیار ئەوە دەبێت كێ بەشداری لە پرۆسەكە دەكات و چۆن ئازادی دەكەنەوە؟ ئەمەیان زۆر ترسناكە لەبەر ئەوەی ئەگەر حەشدی شەعبی بەشداری بكات، حەشدی وەتەنی قبووڵی ناكات، رەهەندی دووەمی كە سیاسییە، ئەوەیە چۆن ئەم پارێزگا ئاڵۆزە ئیدارە دەكرێت و كێن ئەوانەی بەشداری لە ئیدارەدانی ئەم پارێزگایە دەكەن؟ ئەمانە ئەو پرسانەن دەبێت لە ئێستاوە لەسەری رێكبكەوین...بە تێڕوانینی ئێمە پارێزگای نەینەوا پێویستی بە رێكخستنەوەیەكی ورد هەیە، گرینگە پێكهاتە جیاوازەكانی موسڵ لەبەرچاو بگیرێن و بەپێی بۆچوونی ئەو پێكهاتە جیاوازانە نەینەوا رێكبخرێتەوە، پێكهاتە سەرەكییەكانیش بریتین لە عەرەب و كورد و كلدۆسریان ئاشووری، دیارە هەریەك لەم پێكهاتانەش تمووحی جیاوازیان هەیە، دیارە تمووحی بەشێكی زۆری عەرەبەكانی نەینەوا ئەوەیە نەك هەر دەیانەوێت تەواوی پارێزگای نەینەوا خۆیان بەڕێوەی بەرن، بەڵكو ئەگەر بۆیان بچێتەسەر داوای گەڕانەوەی دهۆك و ئاكرێ-یش دەكەن بۆ سەر پارێزگای نەینەوا، بێگومان ئەمەیان بۆ ناچێتەسەر، لەبەرامبەردا داوای كورد ئەوەیە كە ئەو ناوچانەی كە زۆرینەیان عەرەبن، با عەرەب بەڕێوەی ببات، بە هەمان شێوە ئەو ناوچانەی زۆرینەی كوردن، با كورد بەڕێوەی ببات، ئەو ناوچانەشی زۆرینەیان كلدۆسریان ئاشوورین، با ئەوان خۆیان بەڕێوەی بەرن. دیارە ئەم تێڕوانینەی ئێمە هەم بۆ ئەوەیە ئاسایش و سەقامگیری بۆ پارێزگاكە بگەڕێتەوە، هەمیش باشتر بەڕێوەدەبرێت و زەمینەیەكی باشیش دەڕەخسێنێت بۆ دووبارە بونیادنانەوەی ئەو ناوچانەی بە هۆی شەڕی داعشەوە كاول بوون. دیارە ئەگەر سەقامگیری و ئاسایش بۆ موسڵ و تەواوی پارێزگای نەینەوا دابین نەكرێت، ئەوا نە ئەو كاولكارییە دووبارە بونیاد دەنرێتەوە، نە زەمینەیەكیش دروست دەبێت بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی تێدا بكرێت.
Top