به‌ ئاماده‌بوونی بارزانی یادی حه‌فتاساڵه‌ی سه‌ربه‌خۆیی شانشینی ئوردن كرایه‌وه‌

 به‌ ئاماده‌بوونی بارزانی یادی حه‌فتاساڵه‌ی سه‌ربه‌خۆیی شانشینی ئوردن كرایه‌وه‌
له‌ شاری هه‌ولێر مه‌راسیمی یادی حه‌فتاساڵه‌ی سه‌ربه‌خۆیی شانشینی ئوردن به‌ڕێوه‌چوو كه‌ تیایدا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانیش ئاماده‌ی بوو.

ماڵپه‌ری فه‌رمی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ڕۆژی چوارشەممە 25ـی 5ـی 2016 لە شاری هەولێر مەسعود بارزانی ، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداریی لە مەراسیمی یادی حەفتاساڵەی سەربەخۆیی شانشینی ئوردن و سەد ساڵەی شۆڕشی گەورەی عەرەبی كرد.

لەو مەراسیمەدا كە لە لایەن كونسوڵخانەی شانشینی ئوردن لە هۆتێل ڕۆتانای هەولێر ساز درابوو بە ئامادەبوونی بارزانی و ژمارەیەكی زۆری كونسوڵ و نوێنەری وڵاتان و كەسایەتیی سیاسی و بەرپرسە ئیداری و حزبییەكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای مەراسیمەكەدا دوای سروودی نیشتیمانیی شانشینی ئوردن و عێراق و هەرێمی كوردستان پەیامی شا عەبدوڵڵا پادشای ئوردن بە بۆنەی یادی ڕۆژی سەربەخۆیی وڵاتەكەی خوێندرایەوە. پاشان هەیسەم ئەبولفول كونسوڵی گشتیی شانشینی ئۆردۆن لە هەولێر وتارێكی پێشكەش كرد و تێیدا سوپاسی ئامادەبوونی بارزانی كرد و هەروەها ستاییشی بەها و ڕەوشتی بەرز و خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستانی كرد و بە پێزانینەوە باسی لە دڵفراوانیی خەڵكی كوردستان كرد لە پەنادانی ئاوارە و لێقەوماوان.

جێگەی ئاماژەپێدانە هەر لەو مەراسیمەدا گوتاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە بۆنەی یادی حەفتاساڵەی سەربەخۆیی شانشینی ئوردن لە لایەن فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خوێندرایەوە.
Top