بارزانی: بەرهەمی شۆڕشی گوڵان یەکڕیزی لایەنەکانی گەلەکەمان بوو

 بارزانی: بەرهەمی شۆڕشی گوڵان یەکڕیزی لایەنەکانی گەلەکەمان بوو
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت: "بەرهەمی شۆڕشی گوڵان یەكڕیزیی هێز و لایەنەكانی گەلەكەمان بوو". دەشڵێت: "كەمترین وەفا بۆ قوربانیدان و نەهامەتییەكانی گەلەكەمان و خوێنی شەهیدان پیادەكردنی تەواوی مافی دیاریكردنی چارەنووسی گەلی كوردستانە".

مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بۆ یادی شۆڕشی گوڵان رایدەگەیێنێت: "ئێستا لە كاتێك یادی شۆڕشی گوڵان دەكەینەوە كە گەلی كوردستان زیاتر لە هەر كاتێك لە ئامانجەكانی نزیك بووەتەوە و جیهان بە چاوی رێز و ستایشەوە سەیری خۆڕاگری و قوربانیدان و دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان دەكات".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە ئاماژەدان بەوەی ،كەمترین وەفا بۆ قوربانیدان و نەهامەتییەكانی گەلەكەمان و خوێنی شەهیدان پیادەكردنی تەواوی مافی دیاریكردنی چارەنووسی گەلی كوردستانە، رایدەگەیێنێت: "ئەوە بەرپرسیارێتیی مێژوویی و ئەركێكە لەسەر شانی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان، دوور لە بەرژەوەندیی حزبی و بە بڕوابوونێكی تەواو بە مافەكانی گەلەكەمان".

لە کۆتایی پەیامەکەیدا بارزانی رایدەگەیێنێت: "خەڵكی كوردستان لەوە دڵنیا دەكەینەوە كە شۆڕش و خەبات و خۆڕاگریان بە فیڕۆ ناچێت و هیچ بەربەست و لەمپەڕێك نابێتە هۆی ئەوەی دەستبەرداری مافە رەواكانی گەلی كوردستان بین".

دەقی پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵیادی شۆڕشی گوڵان

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

شۆڕشی گوڵان بەردەوامیی خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان بوو لە بەرانبەر ستەم و داگیركاری. ئەو شۆڕشە هەڵگری پەیام و ئامانجەكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو و، یەكێكە لە قۆناغە گرنگەكانی بەرخودانی پێشمەرگە و گەلی كوردستان و پێشانی دا كە ئەگەر لە قۆناغێكدا خەباتی گەلی كوردستان تووشی وەستان و نسكۆ هاتبێت ئەوە ئیرادەی تێكۆشان و خەباتی گەلی كوردستان هیچ كات نەشكاوە و بە هەناسە و تینێكی تازە بەردەوام دەبێت بۆ گەییشتن بە ڕزگاری و ئازادی.

پەیامی شۆڕشی گوڵان پەیامی بەردەوامی و كۆڵنەدان و پێداگری بوو لە مافە ڕەواكانی گەلەكەمان و درێژكراوەی شۆڕشەكانی تری گەلی كوردستان بوو. بەرهەمی شۆڕشی گوڵان یەكڕیزیی هێز و لایەنەكانی گەلەكەمان بوو بۆ ڕاپەڕین و فیدڕاڵی و فرەلایەنی و هەڵبژاردن و بەرپابوونی دامودەزگەی هەرێمی كوردستان كە هەر هەمووی دەستكەوتی گرانبەهان كە بە خوێنی پێشمەرگە و قوربانیدانی گەلەكەمان هاتوونەتە دی.

ئێستا لە كاتێك یادی شۆڕشی گوڵان دەكەینەوە كە گەلی كوردستان زیاتر لە هەر كاتێك لە ئامانجەكانی نزیك بووەتەوە و جیهان بە چاوی ڕێز و ستاییشەوە سەیری خۆڕاگری و قوربانیدان و دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان دەكات.

كەمترین وەفا بۆ قوربانیدان و نەهامەتییەكانی گەلەكەمان و خوێنی شەهیدان پیادەكردنی تەواوی مافی دیاریكردنی چارەنووسی گەلی كوردستانە. ئەوە بەرپرسیارێتیی مێژوویی و ئەركێكە لەسەر شانی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان، دوور لە بەرژەوەندیی حزبی و بە بڕوابوونێكی تەواو بە مافەكانی گەلەكەمان.

لە یادی شۆڕشی گوڵاندا پێزانینم بۆ هەموو ئەو پێشمەرگە قارەمانانە هەیە كە بەشداری شۆڕشی گوڵان بوون و مێژوویان بۆ گەلەكەیان دروست كرد. هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی شۆڕشی گوڵان و شەهید سەید عەبدوڵڵا یەكەم شەهیدی شۆڕشی گوڵان و هەموو شەهیدانی كوردستان. سڵاو لە پێشمەرگە ئازا و چاونەترسەكانمان كە ئێستا لە سەنگەری بەرگریكردنن لە خاك و كەرامەتی گەلی كوردستان و بە خوێنی خۆیان ئەفسانەی تیرۆریستانیان تێكشكاند.

لەیادی چلەمین ساڵی شۆڕشی گوڵاندا جەخت لە پەیامی پێكەوەژیان و ئاشتیخوازیی گەلی كوردستان دەكەینەوە و خەڵكی كوردستانیش لەوە دڵنیا دەكەینەوە كە شۆڕش و خەبات و خۆڕاگریان بە فیڕۆ ناچێت و هیچ بەربەست و لەمپەرێك نابێتە هۆی ئەوەی دەستبەرداری مافە رەواكانی گەلی كوردستان بین.
Top