"كورد ئەورووپایشی پاراستووە"

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا دەڵێ "کوردەکان ئەمڕۆ ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە سیستەمی ئاساییشی هەرێمایەتیدا"، چونکه قورسایی گەورەی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان خستە سەر شانی خۆیان، بەو شێوەیە نەك تەنها هەرێمەکە بەڵکو ئەورووپاشیان پاراستووە لەو قەیرانە قووڵە.

زیاد ڕەئوف نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا بەشداری کرد لە سێهەم کۆنگرێسی نێودەوڵەتیی ئاسیا. ئەوە بۆنەیەکە تیایدا نوێنەرانی دەستەی دیپلۆماسی و وەزارەتی دەرەوەی پۆڵۆنیا و سیاسەتمەداران و کەسایەتی ئەکادیمی بەشداری دەکەن. ئەو کۆنگرێسە پلاتفۆرمێکە بۆ گٶڕینەوەی بیروبۆچوون لەسەر سیاسەتی نێودەوڵەتی و بارودۆخی وڵاتانی ئەوروپا و ئاسیا.

زیاد ڕەئوف بابەتەکەی خۆی لە کۆنگرێسی ئاسیا بە ناونیشانی "کوردستانی عێراق و ڕۆڵی لە دابینکردنی ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەورووپا" پێشکەش کرد. نوێنەری حکوومەت ئاماژەی دا کە کوردەکان ئەمڕۆ ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە سیستەمی ئاسایشی هەرێمایەتیدا"، چونکه قورسایی گەورەی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان کەوتە سەر شان، بەو شێوەیە نەك تەنها هەرێمەکە بەڵکو ئەورووپاشیان پاراست لە قوڵبوونەوەی قەیرانەکە. زیاد ڕەئوف هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە ملیۆنێك و٨٠٠هەزار ئاوارەی لەخۆ گرتووە و ئەرکی قورسی سەر شانی پێشمەرگەش بریتییە لە بەرهەڵستیکردن لە تیرۆریستان و پاراستنی سنورەکان لە دەست داعش. جگە لەوە، کوردستانی عێراق هۆکاری سەقامگیری ناوچەکەیە، چونکه لەوێدا سیستەمێكی دیموکراتیک بەرقەرارە، مافی پێکهاتە نەتەوەیی و ئیتنیەکان پارێزراوە، وە دەسەڵاتدارانی هەرێمیش سیاسەتێکی ئاشتیخوازانە پەیڕەو دەکەن لەگەڵ لایەنە دەرەکییەکان.

نوێنەرێ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بانگەوازی کرد کە ئەورووپا و جیهان هاوکاریی کورد بکەن بۆ بەردەوام بوون لە سەقامگیری هەرێمەکە، ئەوەش لە ڕێگای هاوکاری سەربازی بۆ پێشمەرگە، هاوکاری بۆ ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان و هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی دارایی.

جگە لە زیاد ڕەئوف، دەستەیەك لە باڵوێزان بەشدارییان کرد لە پانێلەکە، لەوانە: باڵوێزانی ئوزبەکیستان، فیلیپین، بەنگلادش، تایلاند، تایوان و کۆریای باکوور. نوێنەری حکوومەت دەرفەتی بوو گفتوگۆ بکات لەگەڵ دیپلۆماتکاران و هەروەها لەگەڵ سیاسەتمدارانی پۆڵۆنی و شارەزایانی بواری سیاسەتی نێودەوڵەتی.








KDP
Top