سەرۆك بارزانی: خەڵكی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە كە شۆڕش و خەبات و خۆڕاگریان بە فیڕۆ ناچێ..گەلی کوردستان لە ئامانجەكانی نزیك بووەتەوە
دەقی پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی چلەمین ساڵی شۆڕشی گوڵان:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
شۆڕشی گوڵان بەردەوامیی خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان بوو لە بەرانبەر ستەم و داگیركاری. ئەو شۆڕشە هەڵگری پەیام و ئامانجەكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو و، یەكێكە لە قۆناغە گرنگەكانی بەرخودانی پێشمەرگە و گەلی كوردستان و پێشانی دا كە ئەگەر لە قۆناغێكدا خەباتی گەلی كوردستان تووشی وەستان و نسكۆ هاتبێت ئەوە ئیرادەی تێكۆشان و خەباتی گەلی كوردستان هیچ كات نەشكاوە و بە هەناسە و تینێكی تازە بەردەوام دەبێت بۆ گەییشتن بە ڕزگاری و ئازادی.
پەیامی شۆڕشی گوڵان پەیامی بەردەوامی و كۆڵنەدان و پێداگری بوو لە مافە ڕەواكانی گەلەكەمان و درێژكراوەی شۆڕشەكانی تری گەلی كوردستان بوو. بەرهەمی شۆڕشی گوڵان یەكڕیزیی هێز و لایەنەكانی گەلەكەمان بوو بۆ ڕاپەڕین و فیدڕاڵی و فرەلایەنی و هەڵبژاردن و بەرپابوونی دامودەزگەی هەرێمی كوردستان كە هەر هەمووی دەستكەوتی گرانبەهان كە بە خوێنی پێشمەرگە و قوربانیدانی گەلەكەمان هاتوونەتە دی.
ئێستا لە كاتێك یادی شۆڕشی گوڵان دەكەینەوە كە گەلی كوردستان زیاتر لە هەر كاتێك لە ئامانجەكانی نزیك بووەتەوە و جیهان بە چاوی ڕێز و ستاییشەوە سەیری خۆڕاگری و قوربانیدان و دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان دەكات. كەمترین وەفا بۆ قوربانیدان و نەهامەتییەكانی گەلەكەمان و خوێنی شەهیدان پیادەكردنی تەواوی مافی دیاریكردنی چارەنووسی گەلی كوردستانە. ئەوە بەرپرسیارێتیی مێژوویی و ئەركێكە لەسەر شانی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان، دوور لە بەرژەوەندیی حزبی و بە بڕوابوونێكی تەواو بە مافەكانی گەلەكەمان.
لە یادی شۆڕشی گوڵاندا پێزانینم بۆ هەموو ئەو پێشمەرگە قارەمانانە هەیە كە بەشداری شۆڕشی گوڵان بوون و مێژوویان بۆ گەلەكەیان دروست كرد. هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی شۆڕشی گوڵان و شەهید سەید عەبدوڵڵا یەكەم شەهیدی شۆڕشی گوڵان و هەموو شەهیدانی كوردستان. سڵاو لە پێشمەرگە ئازا و چاونەترسەكانمان كە ئێستا لە سەنگەری بەرگریكردنن لە خاك و كەرامەتی گەلی كوردستان و بە خوێنی خۆیان ئەفسانەی تیرۆریستانیان تێكشكاند.
لەیادی چلەمین ساڵی شۆڕشی گوڵاندا جەخت لە پەیامی پێكەوەژیان و ئاشتیخوازیی گەلی كوردستان دەكەینەوە و خەڵكی كوردستانیش لەوە دڵنیا دەكەینەوە كە شۆڕش و خەبات و خۆڕاگریان بە فیڕۆ ناچێت و هیچ بەربەست و لەمپەرێك نابێتە هۆی ئەوەی دەستبەرداری مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان بین.
KDP
