وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی لەبارەی بڕینی مووچەی کەمئەندامان هاتە دەنگ
لە ڕوونکردنەوەیەکدا ، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوە داوە: ”دوای بڕیاری لێژنەی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەران بە گشتی و مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بە تایبەتی، بڕیار درا، هەر کەمئەندامێک، بڕی 75 هەزار دیناری پێ بدرێت، بەڵام ڕێکخراوەکانی پەیوەندیدار، ئەم بڕیارەیان ڕەت کردەوە، بۆیە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا، لێژنەیەک بۆ پێداچوونەوە بە ناوی کەم ئەندامان و دەرکردنی ڕێنمایی نوێ بۆ پێدانی ھاوکاری بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان پێک بهێنێت“.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، لێژنەکە لە نوێنەری ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی کار پێک ھێندراوە ڕێژەی کەمئەندامی کراوەتە ستاندەر. دەشڵێت: ”کەسانێک چەند ساڵێکە بوونەتە مشەخۆر بەسەر کەمئەندامانی ڕاستەقینە و ڕازی نین چاکسازی بکرێت، جونکە ژمارەی کەمئەندامان زۆر زیادی کردووە و ناتواندرێت بەپێی پێویست، کەمئەندامی ڕاستەقینە خزمەت بکرێت“.
ئەوەش ئاشکرا کراوە کە لەسەر داوای وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بڕیار دراوە مووچەی مانگی یەکی ساڵی 2016 دابەش بکرێت کە بڕەکەی 9 ملیار دینار بووە و زیاتر لە 58 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت لێی سوودمەند بوون. ئاماژەش بەوە دراوە: ”ئێستا ھەندێک کەس دەیانەوێت ڕێگری لەو چاکسازییانە بکەن، ئێمە بەشێکی زۆری ئەو گەندەڵییانەمان لایە کە لە لایەن هەندێک ڕێکخراوی کەمئەندامان ئەنجام دراوە و کەمئەندامانی ڕاستەقینە دڵنیا دەکەینەوە کە سەرجەم مووچەکانیان وەردەگرن و لێژنەکان لە کارەکانیان بەردەوام دەبن“.
ئەمڕۆ چوارشەممە 25\5\2016، ڕێکخراوەکانی تایبەت بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، لەبەردەم بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، خۆپیشاندانی ناڕەزاییان بەهۆی بڕینی مووچەی نزیکەی 40 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت ئەنجام دا و هۆکارەکەیان بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لەسەر پشکی یەکگرتووی ئیسلامییە و دەیانەوێت لە ڕێگای حزبەکەیەوە، فشار لەسەر ئەو وەزیرە دروست بکەن.
باسنیوز
