وەزارەتی دارایی روونکردنەوە لەبارەی دابەشكردنی مووچە دەدات

 وەزارەتی دارایی روونکردنەوە لەبارەی دابەشكردنی مووچە دەدات
وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان بە وەكالەت رایدەگەیێنێت، دوای مووچەی پێشمەرگەش بەردەوام دەبن لە دابەشكردنی مووچە. دەشڵێت "بەبێ سلێمانی و هەڵەبجە مووچە هیچ فەرمانبەرێك دابەشناكرێت".

لەئەمڕۆوە دەست بە دابەشكردنی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە كرا، بڕیاریشە بەپێی خشتەی دابەشکردن هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە رۆژانی داهاتوودا مووچە وەربگرن.

رابەر سدیق، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت رایگەیاند، حکومەت مووچەی هەموو فەرمانبەران خەرجدەکات. دەشڵێت "ئەو هەواڵانە هەرگیز راست نین کە پارتی دیموکراتی کوردستان داوایکردووە مووچەی هەولێر و دهۆک خەرجبکرێت و مووچەی فەرمانبەرانی سلێمانی و هەڵەبجە خەرجنەکرێت".

رابەر سدیق دەشڵێت "بەبێ سلێمانی و هەڵەبجە مووچەی هیچ فەرمانبەرێک خەرج ناکرێت". رەتیشیدەکاتەوە، حکومەت پلانی هەبێ تەنیا مووچەی پێشمەرگە خەرجبکات.

حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو مانگێ پێویستی بە 500 ملیار دینار بۆ مووچە و 140 ملیاریش بۆ خەرجی حکومەتە.
Top