خاوەنی پشکێکی چاڤی لاند: شاسوار عەبدولواحید دەستی بەسەر پارەکانماندا گرتووە

 خاوەنی پشکێکی چاڤی لاند: شاسوار عەبدولواحید دەستی بەسەر پارەکانماندا گرتووە
لە بەرامبەردا پێنەدانی مافە داراییەکانیان، خاوەن پشکەکانی پڕۆژەی گەشتیاریی چاڤی لاند لە سلێمانی، گلەییەکی زۆر لە خاوەنی پڕۆژەکە دەکەن و داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن، مافە داراییەکانیان پێ بدەن.

ئەمڕۆ سێشەممە 24\5\2016، ژمارەیەک خاوەن پشکى پڕۆژەى گەشتیاریی چافى لاند، لە بەردەم دەرگاى سەرەکیی پڕۆژەکە، گردبوونەوەیان ئەنجام داوە و داوای وەرگرتنی پشکی خۆیان لە داهاتی پڕۆژەکە دەکەن، لەمبارەیەوە ئیدریس ڕەسوڵ، کە خاوەنى چەند پشکێکی پڕۆژەی گەشتیاریی چاڤی لاندە، ڕاگەیاند: “ئەوە بۆ ماوەى پێنج ساڵە، ئێمە پارەمان لەم پڕۆژەیە داناوە، بەڵام تائێستا هیچ سوودێکمان لە داهاتى ئەم پڕۆژەیە نەبینیوە، بەڵکو پارەکەشمان دەستى بەسەردا گیراوە و کەس نازانێ پارەکەمان چى بەسەر هاتووە”. ڕوونیشی کردەوە، پڕۆژەى گەشتیاریی چاڤی لاند، داهاتێکى زۆرى هەیە، بەڵام خاوەن پشکەکانی پڕۆژەکە سوودیان لە داهاتەکە وەرنەگرتووە. گوتیشی: “لە مافی خۆمان خۆش نابین و دەبێت خاوەنى گرووپى کۆمپانیاکانى نالیا پارەکانمان بداتەوە”. جەختیشی لەوە کردەوە کە بە مەبەستی وەرگرتنەوەی مافەکانیان، بۆ جاری دووەم، سکاڵا لە دژی شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی نالیا تۆمار دەکەن.

لە لایەن خۆیەوە، محەمەد کانى، کە خاوەنی چەند پشکێکی پڕۆژەی گەشتیاریی چاڤی لاند گوت: “بە بڕی 110 ملیۆن دینار، پشکم لە چاڤی لاند کڕیوە، لە ماوەی 5 ساڵی ڕابردوودا تەنها 400 هەزار دینارم وەرگرتووە”. دووپاتیشی کردەوە: “ئەمە زوڵمێکی گەورەیە کە خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی نالیا لە خاوەن پشکەکانی پڕۆژەی گەشتیاریی چاڤی لاندی دەکەن، پڕۆژەکە داهاتێکی زۆری هەیە، بەڵام ئێمە مافمان خوراوە، نازانین بۆچى پارەکەى ئێمە ناداتەوە؟. ئەوەشی بۆ (باسنیوز) دووپات کردەوە: “شاسوار عەبدولواحید، غەدرێکى زۆرى لە ئێمە کردووە و دەستى بەسەر پارەى ئێمەدا گرتووە، بۆیە داواکارین هەرچى زووترە پارەکانمان بداتەوە”.

هەر لەمبارەیەوە، یەکێک لە خاوەن پشکەکان کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکات، بە تووڕەییەوە گوتی: “من لە ڕێگای تەنیا ئەو قسەیە دەکەم، خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی نالیا کەناڵی تەلەفزیۆنی هەیە و ڕۆژانە باسی پارەی خەڵکی کوردستان لای حکوومەت و بەرپرسان دەکات، کەچی خۆی پارەی خەڵکی دەبات و هەقی خۆیان پێ نادات”.
Top