"هەرێم پشکی دەبێت لە قەرزی نێودەوڵەتی بۆ عێراق"
لە وەڵامی لێدوانی پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا، نەجیبە نەجیب ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە (ناوەندی هەواڵی ئازاد)ی گوت کە بەپێی یاسای بوودجەی عێراق، حکوومەتی هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی لە سەدا١٧ لە پشکی قەرزی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو بۆ عێراق وەربگرێت.
ئیبتسام هیلالی، ئەندامی لیستی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق بە سایتی (مەسەلە)ی وتووە کە سندووقی نێودەوڵەتیی دراو بڕی ١٣ملیار دۆلار وەک قەرز دەداتە دەوڵەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش مافی وەرگرتنی ئەو قەرزەی نییە. نەجیبە نەجیب، ئەو هەڵوێستەی بۆ ئەقڵییەتی سیاسەتمەدارانی دەوڵەتی یاسا گەڕاندەوە کە عێراقیان تووشی چەندین قەیران کردووە و بڕوایان بە بنەمای تەوافق و شەراکەتی ڕاستەقینە نییە. ئەوەشی گوت کە قەرزی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو بۆ پڕکردنەوەی بودجەی نەفەقاتی تەشغیلی و ئیستسمارییە، بۆیە بە پێی یاسای بوودجە، لە سەدا١٧ی ئەو قەرزە بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت.ئەو ئەندامەی کورد لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانەکەیدا بۆ (ناوەندی هەواڵی ئازاد)، ئاماژەی بە سەردانی ئەم
دواییەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و شاندێک لە پەرلەمانتارانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند، هاتنی ئەو شاندە، جەختکردنەوەیە لەسەر ئیستحقاقی هەرێمی کوردستان، بۆیە لێدوانی پەرلەمانتارانی دەوڵەتی یاسا هیچ بنەمایەکیان نییە.
KDP
