جەمال مورتکە: ئازادکردنەوەی مووسڵ لەژێر ئەجێندایەکی گەورەی سیاسیدایە
جەمال مورتکە، فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری گوێڕ ڕاگەیاند: "ئازادکردنەوەی مووسڵ لەژێر ئەجێندایەکی گەورەی سیاسیدایە؛ ئێران هەوڵی تەواو دەدات بۆ ئەوەی لە ڕێگای میلیشیا شیعەکانەوە ئەو پارێزگایە بگرێتەوە و بەشێک لە هێزی خۆی جێگیر بکات؛ لەولاشەوە سعودیە دەیەوێت لە ڕێگای هاوکاریکردنی هێزە سوننەکانەوە شارەکە بکەوێتەوە دەست سوننە چونکە پێی وایە مووسڵ دڵی سوننەکانە و دەبێت پارێزگاریی لێ بکرێت؛ ئەمەش وای کردووە کە شارەکە لە چوار چێوەی سیاسیەتێکی بەهێزی نێودەوڵەتیدا بمێنێتەوە."
دەیشڵێت: "ئامادەکاری بۆ ئازادکردنەوەی مووسڵ نەکراوە نابینرێت سوپای عێراق و حکوومەتی عێراق لە ئامادەکاریدابن بۆ ئازادکردنەوەی ئەو شارە، چونکە تۆ ئەگەر بتەوێت مووسڵ ئازاد بکەیتەوە دەبێت بە لایەنی کەمەوە میحوەرێکی بەهێزت لە بەردەستدا بێت، سوپایەکی بەهێز و و ئامادە و شارەزایشت هەبێت و نەخشە و پلاندانەری بەهێزت هەبێت، کە سوپای عێراق ئەمەی نییە ئیتر چۆن ئازاد بکرێتەوە!"
گوتیشی: "هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەلایەن هێزی هاوپەیمانەوە هاوکاری دەکرێت و لە ئامادەباشییەکی تەواودان، بۆیە ئەگەرهاتو مووسڵ ئازاد بکرێتەوە هیچ کات بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە ئەو شارە ئازاد ناکرێتەوە، چونکە میحوەری مووسڵ گرێداری بەرەکانی جەنگە لەگەڵ پێشمەرگە".
