فاروق ڕەفیق: هیچ هێزێک هێندەی گۆڕان بەڕق و کینەو دژی ئازادی رادەربڕین نییە

فاروق ڕەفیق: هیچ هێزێک هێندەی گۆڕان بەڕق و کینەو دژی ئازادی رادەربڕین نییە
لێکۆڵەر و نووسەرێکی کورد ئەوەی ئاشکرا کرد کە ڕێککەوتنەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، بۆ خەڵەتاندنی ڕای گشتییە. دەشڵێت: ”گۆڕان شکستی خۆی بە ڕێککەوتنەکە دەشارێتەوە“.

فاروق ڕەفیق، لێکۆڵەر و نووسەری کورد، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی ڕادیۆی (دەنگی ئەمریکا)، سەبارەت بە ڕێککەوتنەکەی نێوان یەکێتی و گۆڕان، دەڵێت: ”ڕێککەوتنەکەی یەکێتی و گۆڕان بەشێکە لە قەیران، دەقی ئەم ڕێککەوتننامەیە بۆ خەڵکێکە کە بەهۆی تەمەنەوە تووشی لەبیرچوونەوە و خەڵەفان بوون. ئەمە چ قسەکردنێکە لەم ڕێککەوتنەدا هەیە. هەر ئەم هێزە نەبوون کە دەیگوت ئێمە گۆڕانی ڕیشەیی دەکەین؟ ڕێککەوتنەکە وا قسە دەکرێت وەک ئەوەی کە ئەم 2 هێزەی لە 25 ساڵی ڕابردوودا لە دەسەڵاتدا نەبوون و تەنیا پارتی دیموکراتیی کوردستانیان بە دەسەڵات داناوە، ئەمە هەڵەیە“. ڕوونیشی کردووەتەوە: ”پارتی هێندە بەرپرسیارێتی هەیە کە یەکێتیش هەیەتی. چەند گەنجێکی تازە پێگەیشتووی لێدەرکە، تەواوی سەرکردەکانی گۆڕان ئەندازیاری ئەم دەسەڵات و حکوومەتە شکستخواردووەن؟ کێ حزب و حکوومەتی تێکەڵ کرد؟ کێ بوو ئەو کەسەی کە یەکەمینجار بیرۆکەی خانەنشینکردن و بڕینەوەی پارەی بۆ هەموو ئاستەکان پێشنیاز کرد، هەر ئەم سەرکردانە بوون“.

بە بڕوای فاروق ڕەفیق: ”ڕێککەوتنەکە هی دوو لایەنە، لایەنێک کە بە نائومێدی گەیشتووە، ئەویش گۆڕانە کە شکستی خواردووە. من لە ساڵی 2013 گوتم لە پۆست گۆڕان داین و گۆڕان تەواو بووە، هێرشیان کردە سەرم. هیچ هێزێک لە کوردستان بەقەد گۆڕان دژ بە ئازادی نییە، ڕەخنە لە هیچ کەسێک قەبوڵ ناکەن، هێزێکە هیچ متمانەی بە خۆی نییە و هێزێکی شکستخواردووە. گۆڕان پێویستی بە پەیمانێک هەبوو بۆ ئەوەی جارێکی دیکە سەر هەڵبداتەوە. یەکێتیش لێپرسراوە لە شکستەکە و پێویستی بە فریادڕەسێکە بۆ ئەوەی بۆ چوارگۆشەی یەکەمی بباتەوە“.

ئەو نووسەرە جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە زمانی ڕێککەوتنەکەی نێوان گۆڕان و یەکێتی، زمانی پێش 25 ساڵی ڕابردووە. نموونەش بەوە دەهێنێتەوە کە یەکێتی و گۆڕان لە ڕێککەوتننامەکەیاندا دەڵێن، پێویستە گرنگی بە کەرتی کشتوکاڵ بدەن، بۆ ئەمەش دەڵێت: ”بۆ ئێوە هیچتان هێشتەوە؟ گرد ما؟ دەشت ما؟ خاک ما ئێوە داگیری نەکەن؟ جا کێ باسی بکات؟ ئەو کەسەی کە لەم کارەساتە گەورەیەدا بەرپرسیارە“.

ڕەخنەی توندیشی لە میدیا ئەهلییەکان گرت و گوتی: ”ئەو میدیا ئەهلییەی کە شانازی بە ڕەخنەگریی خۆی دەکرد، لە مەراسیمی واژووکردنی ڕێککەوتنەکەی گۆڕان و یەکێتیدا، لە پێشی پێشەوە، خەریکی پاقلاوە خواردن بوون“. دووپاتیشی کردەوە: ”یەکێتی و گۆڕان لە شکستی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا بەرپرسیارن و پێشبینی دەکەم شتی ناخۆش ڕوو بدات. زمانی ڕێککەوتنەکە زمانی فریودانی عەوامی خەڵکە. ڕێککەوتنەکە مردووە و بە مردوویی لە دایکبووە و بۆ خەڵکێکی مردووشە“ .




باسنیوز
Top