سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بە توندی هۆشداری بە یەکێتی دەدات
لە دوای ڕێککەوتنەکەی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، هەندێک لە میدیاکانی یەکێتی و نزیک لە یەکێتی، بە جۆرێک کار دەکەن، وەک ئەوەی ئەگەری دووئیدارەیی کوردستان لەبەردەم خەڵکیدا بکەنە ئەگەرێکی کراوە و دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانیش، بەناوی حزبی دەناسێنن. لە چوارچێوەی ئەو هەوڵەدا، هەندێک لە میدیاکانی یەکێتی و نزیک لە یەکێتی، لە پەراوێزی بڵاوکردنەوەی هەواڵێکدا، ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە دهۆک، بە ئاسایشی پارتی دەناسێنن. لەمبارەیەوە حاکم ئازاد حەمە ئەمین، نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “ئەم جۆرە دەستەواژەیە لە ڕاگەیاندنی یەکێتیدا، دەیەوێت وای دەربخات کە دوو ئیدارە لە کوردستاندا هەیە، لە کاتێکدا ئێمە چەندین ساڵە کار بۆ ئەوە دەکەین، شوێنەواری دووئیدارەیی نەمینێت، بۆیە ئەوەی دەستەواژەی ئاسایشی پارتی بەکار بهینێت، باوەڕیان بە یەکگرتوویی کوردستان نییە”.
نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ئەوەشی ڕوون کردەوە کە: "ئەوەی ئەم هەواڵانە بڵاو دەکاتەوە، نیشانەی ناپڕۆفیشناڵی بوون لەسەر خۆیان دادەنێت، ئەوە یەکەم جار نییە ڕاگەیاندنەکانی یەکێتی ئەو دەستەواژەیە بەکار دەهێنن”. گوتیشی: “وەک سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، ئاگاداری مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەکەینەوە، چاوخشاندنەوەیەک بەم حاڵەتەدا بکەن، ئەویش دەبێت لە ڕێگای نوێنەرایەتیی یەکێتی لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسان ئاگادار بکرێنەوە".
باسنیوز
