سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ڕۆمانیا لە عێراق دەكات

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ڕۆمانیا لە عێراق دەكات
ڕۆژی شەممە 21ـی 5ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جاکوب پرادا باڵیۆزی ڕۆمانیا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ڕۆمانیا خۆشحاڵیی خۆی بە دیدارەکە ڕاگەیاند و جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش وەک هاوبەشێک دەڕوانێتە کوردستان و بەردەوام دەبێت لە هاوکارییکردنی کوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش. هەر لە دیدارەکەدا باڵیۆزی ڕۆمانیا لە عێراق نیگەرانیی خۆی لە بارەی دوا پێشهاتە سیاسییەكانی عێراق ڕاگەیاند.

لە بەرانبەردا سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێر هێنانی باڵیۆزی ڕۆمانیا لە عێراق، سوپاسی گەل و دەوڵەتی ڕۆمانیای کرد بۆ هاوکارییکردنی کوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستان. سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند کە ڕاستە داعش دوژمنی هەموو مرۆڤایەتییە و دوژمنی هاوبەشی هەموومانە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە پێشمەرگەیە شەڕ دەکات و خوێن دەدات بۆیە پێویستە هاوکارییکردنی پێشمەرگە زیاتر بێت و بگاتە ئاستی پێویست.

ڕەوشی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستان تەوەرێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە بوو.
Top