حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانیی عەبادی دەکات
لە بەیاننامەکەدا، کە رۆژی شەممە 21ـی ئایاری 2016 بڵاو کراوەتەوە ، سەرۆکایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، خۆپیشاندانە، ئاڵۆزییەکانی بەغدا و ھەڵکوتانە سەر دامەزراوەکانی دەوڵەت خۆڕسک نەبووە و خۆپیشاندەران ”پاڵپێوە نران“.
ئەنجومەنی وەزیران دژایەتیی خۆی بۆ ”بەکارھێنانی خەڵک و داواکارییە ڕەواکانی خەڵک“ بۆ دروستکردنی خۆپیشاندان بۆ مەرامێکی تایبەت رادەگەیەنێت و باس لەوە دەکات، کە ”دەبێ داواکارییەکان بەشێوەیەکی مەدەنیانە و ئاشتیانە گوزارشتیان لێ بکرێت“.
بەپێی دەقی بەیاننامەکە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ”پشتیوانیی تەواو“ی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات ” لەپێناو پاراستنی سەقامگیری و پاراستنی دامەزراوەکانی دەوڵەت“.
رۆژی هەینی 20ـی ئایاری 2016، خۆپیشاندەران، کە پێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان زۆربەیانی لایەنگرانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر بوون، بە خۆپیشاندان چوونە ناو ناوچەی سەوز و ئەنجومەنی وەزیرانیان داگیر کرد.
هێزە چەکدارەکانی عێڕاق بە تەقەکردن وەڵامی خۆپیشاندەرانیان دایەوە و وێڕای کوژرانی دەیان خۆپیشاندەر، تەندروستیی بەغدا رایگەیاند، کە نزیکەی 600 هاووڵاتیش بریندار بوون.
باسنیوز
