هەولێر و سنە، كۆنووسێكیان واژۆ كرد
ئەم رێككەوتنە، دەرخستەی ئەو بۆچوونانە بوون كاتێك شاندێكی پارێزگاری سنە ماوەی هەفتەیەكە سەردانی هەولێریان كردووە و لەگەڵ پارێزگای هەولێر و ئەنجوومەنی پارێزگا و ژووری بازرگانی و پیشەسازیی پایتەختدا كۆ بوونەتەوە و سەردانی چەندین شوێنی كولتووری و ڕۆشنبیریی ئەو شارەیان كردووە.
رێككەوتن و كۆنووسی لێكتێگەیشتنەكە پێك هاتبوو لە هەماهەنگی و هاوكاریی كولتووری و ئابووری، هەروەها خاڵە سنوورییەكان و پرۆسەی فیركردن و خوێندنیش، بەشێكی گرینگی ئەم رێككەوتنە بوو.
سەرەتا هەردوولا كۆك بوون لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندیی برایانە و دۆستانە لە نێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی كوردستاندا، هەروەها پشتیوانیی خۆیشیان دەربڕی سەبارەت بە چالاكیی كەرتی تایبەت لە بوارەكانی كشتوكاڵی و پزیشكیدا.
پارێزگای سنەیش، ئامادەیی خۆیان نیشان دا بۆ ئەوەی میواندارێتیی شاندێك بكەن لە هەرێمی كوردستانەوە، ئەمیش لە پێناو پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوانیان.
جیا لەوەیش، تیشك خراوەتە سەر چارەكردنی كێشەكانی كۆنتڕۆڵی جۆریی كاڵا و وەرگرتنی پێوەری پێوانەیی و پێكهاتنی لیژنەیەكی هاوبەش لەم بارەیەوە، هەروەها جەخت لە بەهێزكردنی پەیوەندییە كولتووری و رۆشنبیرییەكان كرایەوە.
پشتیوانیی هەردوو لا بۆ هاوكاری و هەماهەنگیی بواری زانستی و فێركاری، خاڵێكی دیكەی رێكەوتننامەكە بوو، جیا لە پاڵپشتیی زیاتری كردنەوەی پیشانگا پسپۆڕییەكان بە ئامانجی بەرزكردنەوەی ئاستی ئابووری و كولتووری و گەشتوگوزاری.
KDP
