فیلمی پێشمەرگە لە فێستیڤاڵی كان بینەرانی گریاند
لەكاتی نمایشی فیلمەكەدا شاندێكی باشووری كوردستان كە لە 15 كەس پێكهاتبوون بە جلوبەرگی كوردی ئامادەبوون. دیارترین ئەندامانی شاندەكە، فەرماندەكانی پێشمەرگە جەعفەر شێخ مستەفا و سیروان بارزانی، لەگەڵ پەرلەمانتاری كوردی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق ڤیان دەخیل بوون. هەروەها كچە گۆرانیبێژی كورد هێڵی لەڤ و كونسوڵی پێشووی فەرەنساش لە هەولێر هاوڕێیەتی شاندەكەی باشووری كوردستانیان كرد.
دەرباز یونس، نێردراوی تایبەتی رووداو بۆ کان لەبارەی نمایشی فیلەمەكە و كاردانەوەی ئامادەبووان گوتی" كاردانەوەی خەڵكی بیانی ئەرێنی بوو و هۆڵەكە پڕببوو لە خەڵك، فیلەمەكە هێندە كاریگەر بوو، بینەرانی گریاند".
فیلمەكە وێنەی راستەقینەی شەڕی دژی داعش، وەك شەهیدبوون، برینداربوون، بەدیلگرتن و سەركەوتنی پێشمەرگە پیشاندەدات، بەهۆی كاریگەرییەكەشی، نمایشكردنی رۆژێكی دیكەش درێژكرایەوە. لەكاتی وێنەگرتنی فیلمەكەدا چەندین كەس برینداربوونە، بەتایبەت وێنەگرێكی كوردی فیلمەكە بەناوی ئاڵا تەیب، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێك بە سەختی برینداربووە.
تێری فریمۆ لەبارەی فیلمەكە قسەی بۆ رووداو كردووە و گوتوویەتی شانازی دەكات فیلمێك لەسەر ئازایەتی پێشمەرگە لە كان نمایش دەكرێت. وەك نێردراوی رووداویش باسیكرد، كاردانەوەی خەڵك بۆ هیچ فیلمێك وەك فیلمی پێشمەرگە نەبووە.
لەلایەن شاندەكەی كوردستان لۆگۆی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئاڵای كوردستان پێشكەش بە سەرۆكی فێستیڤاڵەكە كران. كونسوڵی فەرەنساش كە بە جلوبەرگی كوردی لە فێستیڤاڵەكەدا ئامادەبوو، بە رووداوی گوت "منیش كوردم".
فیلمی دۆکیومێنتەری پێشمەرگە لە دەرهێنانی بێرنارد هێنری لێڤی، دەرهینەری بەنێوبانگی فەرەنسییە، کە خاوەنی چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتییە لە نێویشیان خەڵاتی کان. فیلمەكە 92 خولەکە، لە باشووری کوردستان وێنەگیراوە و باس لە شەڕی داعش و پێشمەرگە دەکات.
رووداو
