ئەمریکا رەتیدەکاتەوە مەکگۆرک سەردانی کۆبانێی کردبێت

 ئەمریکا رەتیدەکاتەوە مەکگۆرک سەردانی کۆبانێی کردبێت
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، کە نێردەی سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعش سەردانی کوردستانی رۆژئاوای نەکردووە.



جۆن کێربی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێکدا رایگەیاندووە، کە برێت مەکگۆرک، نێردەی تایبەتیی باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعش سەردانی شاری کۆبانێی نەکردووە.



رۆژی چوارشەممە 18ـی ئایاری 2016 دەنگۆی سەردانی برێت مەکگۆرک بۆ کۆبانێ و کۆبوونەوەی لەگەڵ ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە) بڵاو بووەوە.



سەرچاوەیەک لە کانتۆنی کۆبانێ راگەیاند، کە نێردەی تایبەتیی ئۆباما لەگەڵ ئەو شاندە ئەمریکییەدا نییە، کە رۆژی چوارشەممە گەیشتە کوردستانی رۆژئاوا.



ئەو سەردانەی شاندە ئەمریکییەکە هاوکاتە لەگەڵ رێککەوتنێکی تورکیا و ئەمریکا بە بەشداریی پەیەدە، بۆ پەڕینەوەی شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە رووباری فورات و بەستنەوەی کانتۆنەکانی جزیرێ و کۆبانێ بە کانتۆنی عەفرین، بەرامبەر ئەوەی یەپەگە بەشداریی رزگارکردنەوەی شاری رەققە بکات، کە داعش وەک پایتەختی خەلافەتەکەی ناساندوویەتی.







باسنیوز
Top