سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی باڵای یەكێتیی ئەوروپا دەكات

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی باڵای یەكێتیی ئەوروپا دەكات
ڕۆژی چوارشەممە 18ـی 5ـی 2016 لە سەلاحەدین پێشوازی لە شاندێكی باڵای یەكێتیی ئەوروپا بە سەرۆكایەتیی نیك وێستكۆت بەڕێوەبەری باكووری ئەفریقیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە كۆمیسیۆنی كاروباری دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە پاتریك سیمۆنت نوێنەری یەكێتیی ئەوروپا لە بەغدا و پاتریك گێسن نوێنەری یەكێتی ئەوروپا لە هەولێر و ژمارەیەك ڕاوێژكاری كاروباری سیاسی و مرۆیی یەكێتیی ئەوروپا.
لە دیدارەكەدا سەرۆكی شاندەكە سڵاوی خاتوو فێدریكا موگیرینیی ڕێكخەری گشتیی سیاسەتی یەكێتیی ئەوروپای بە سەرۆك بارزانی گەیاند و جەختی لە بایەخدان و پاڵپشتیی یەكێتیی ئەوروپای كردەوە بۆ هەرێمی كوردستان لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان و پەرەپێدانی ئابووری و سەقامگیریی سیاسیی. هەروەها پێزانینی هەبوو بۆ ئازایەتیی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و دڵفراوانیی گەلی كوردستان بۆ میوانداریكردنی سەدانهەزار ئاوارە و لێقەوماو و دەستخۆشیشی لە ڕۆڵ و كاریگەریی سەرۆك بارزانی كرد لە سەركردایەتیكردنی شەڕی تیرۆر و هەروەها ئەو ڕێنمایانەی سەرۆك بارزانی بۆ ڕەچاوكردنی پڕەنسیپەكانی مافی مرۆڤ و یاساكانی جەنگ بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستانی دەركردووە. داوایشی كرد سەرۆك بارزانی ڕاوبۆچوونی لەبارەی بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی عێراق و كوردستان بخاتەڕوو. شاندی میوان لە بەشێكی كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانیان لە بەرنامە و پلانەكانیان بۆ یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان لە داهاتوو ئاگادار كردەوە.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان لە وتەیەكدا باسی لە تەحەدیاتی ئابووری و ئەمنیی بەردەم گەلی كوردستان كرد و جەختی لەوە كردەوە كە سەرباری بوونی تەحەدیاتەكان گەلی كوردستان بەرگری لەخۆی و بەها بەرزەكان دەكات. سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا كورتەیەكی لە مێژووی گەلی كوردستان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و هەوڵەكانی گەلی كوردستان بۆ سەقامگیریی عێراق، خستەڕوو و هێمای بەوەدا كە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان نابێ پێداگیری لەسەر دووبارەكردنەوەی ئەزموونێكی شكستخواردوو بكرێت.
پەیوەست بە پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە ناكۆكیی سیاسیی لەنێوان لایەنەكانی هەرێم هەر چۆنێك بێت بەڵام لەسەر بەرژەوەندییە باڵاكان و ئاساییشی نەتەوەیی هەموو لایەك یەكهەوڵویستن.
پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.
Top