خۆشناو: هەندێک لایەن بە ئاراستەی دژە سەربەخۆیی جووڵانەوە

خۆشناو: هەندێک لایەن بە ئاراستەی دژە سەربەخۆیی جووڵانەوە
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیمورکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان ھۆکاری دروست نەبوونی ژووری عەمەلیاتی کوردستان ئاشکرا دەکات و باس لەوەش دەکات، کە هەندێک لایەن هەوڵەکانیان بۆ دژایەتیی هەوڵی سەربەخۆیی، خستووەتەگەڕ.

ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە وتارێکدا لەژێر ناوی (ئەرێ سەرۆک چی ئاشکرا کرد؟)، دەنووسێت: ”پارساڵ ڕێک لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ 18ـی ئایار، بارزانی لە دوای گەڕانەوەی لە ئەمریکا، لەگەڵ سەرۆک و نوێنەرانی حزبە کوردستانییەکان کۆبۆوە و ھەواڵی سەرکەوتن وپشتگیری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەمەڕ سەربەخۆی کوردستان، بۆ لایەنەکان ئاشکراکرد. لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی داوای لە لایەنەکان کرد پشتگیری ھەنگاوەکانی بکەن، لایەنەکانیش ئەو سەردانەیان بە سەرکەوتووترین سەردانی دیپلۆماسی ناوبرد و بە پێویستیشیان زانی ھاوھەڵوێست و ھاوئاراستە بن ولەنزیکترین کات ژوری عەمەلیاتی کوردستانی ونیشتیمانی دروستبکرێت“.

ئومێد خۆشناو، بەشێوەی پرسیار ڕوودەکاتە لایەنەکان و دەڵێت: "ئەرێ دوای ساڵێک لەو کۆبوونەوەیە، چی روویدا؟ ئایە تەواوی لایەنەکان ھاوھەڵوێست و بەیەک ئاراستەی نیشتمانی ھەنگاویان ھاویشت؟ ئایە ژوری عەمەلیاتی نیشتیمانی، کە کارو موھیمەی ھەنگاوی کرداری بوو بۆ سەربەخۆیی، بۆ دروست نەبوو؟“.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان پێیوایە وەڵامی ”ئەو پرسیارانە و چەندین پرسیاریتر، لای خەڵکی ویژدان زیندوو ڕوون وئاشکرایە، کە ڕێک پێچەوانە دەرچوو، ھەندێک لەولایەنانە نەک ھاوھەڵوێست و ھاوئاراستە نەبوون، بەڵکو دژە ئاراستەش جۆڵانەوە“.

ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ڕابردوو دەیسەلمێنێت، کە هەنگاوەکان بە دژی سەربەخۆیی و دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان لە کوێ دەستیان پێکردووە و تا کوێش بەردەوام دەبێت، ”ئیتر ئەو قەدەری کوردە، کە ھەرکاتێک لە تحقیق کردنی ئارمانجەکانی نزیک دەبێتەوە، سەرەڕای ھۆکاری دەرەکی،ھۆکاری ناوخۆییش دێنە ئاراوە“.







باسنيوز
Top