سلێمانی و خەڵكەی، شارێك و كەسانێكن هەموو كات بە درێژایی قۆناخی رزگاری نیشتمانی كوردستان هەمیشە خاوەنی رای تایبەتی و هەڵوێستی خۆیان بوون، ئەم شارە خاوەنی شەهید و قوربانییەكی زۆر گەورەیە لە بزاڤی رزگاریخوازیماندا، بۆیە كە هەندێك قسەمان گوێ لێدەبێت، بە راستی وەك خۆم ئەو قسانە لە ئاستی كەسایەتی و خەڵكی كوردپەروەری ئەو شارە نابینم، بۆیە من تەئكید دەكەمەوە، ئایا كێ گوتوویەتی، یان چۆن گوتراوە، خەڵكانێك هەبن لە سلێمانی دژی سەربەخۆیی بن؟ خەڵكی سلێمانی دەریایەك خوێنیان بۆ سەربەخۆیی رشتووە، رۆڵی سەرەكییان هەبووە لە خەبات و تێكۆشاندا، تەنانەت لە ساڵی 1943 جەنابی مەلا مستەفا بارزانی لە سلێمانییەوە گەڕایەوە بۆ بارزان و پێی نایە قۆناخێكی تازەی خەبات و تێكۆشان، لە ساڵی 1963 و لە سەردەمی بەعسییەكاندا، هەموو خەڵكی سلێمانی ئامادە نەبوون بچووكترین بێڕێزی بە سەرۆكی نەتەوەیی خۆیان بكەن، كە مەلامستەفا بارزانی-یە، هەر لەو ساڵەدا و لە ناو بەندیخانەكانی بەعس لە سلێمانی، وێنەیەكی مەلا مستەفا بارزانی-یان هێنابوو بۆ ئەوەی بەندكراوەكان بێڕێزی بە وێنەكەی بارزانیی نەمر بكەن، پێیانگوتبوون، هەر كەس سووكایەتی بەو وێنەیە بكات، ئازادی دەكەین و هەر كەسیش ئامادە نەبێت سووكایەتی پێبكات، زیندەبەچاڵی دەكەین، زیاتر لە 130 تێكۆشەری شاری سلێمانی زیندەبەچاڵكردنیان هەڵبژارد و ئامادە نەبوون سووكایەتی بە وێنەكەی بارزانی نەمر بكەن. لێرەدا من پێموایە هەموو لایەنە سیاسییەكان بە وانەشی كە خۆیان بە ئۆپۆزسیۆنی پارتیش دەزانن، هەموو كەمتەرخەم بووین بەرامبەر سلێمانی، بەداخەوە هەندێك لە لایەنەكان رووە جوانەكانی سلێمانی دەشارنەوە، ئایا هەندێك لایەنی سیاسی بۆ ئەوە لە سلێمانی كاری سیاسییان كردووە كە بەشێك لە مێژووی كورد ناشیرین بكەن؟ توخوا چۆن دڵیان هات و مافیان بە خۆیان دا، كۆمەڵێكی كەم لە گەنج و هەرزەكار و كۆمەڵێكی كەم لە پێنووس بەدەستەكان فێربكەن وشەی ناشیرین بەكار بهێنن، پاشانیش وا پیشان بدرێت ئەم وشە ناشیرینانە لە گەنجێكەوە لە سلێمانییەوە گوێمان لێی بووە، بەڵام دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەكان ئەو راستییە بزانن، كە هەر لایەنێك، یان كەسێك لە پێناوی كوردایەتی و شتە جوانەكان خەباتی كردبێت، مێژوویەكی پڕسەروەری تۆمار كردووە و ئەو مێژووە بە هیچ كەسێك ناسڕدرێتەوە، دەبێت ئەو مێژووە جێگەی رێز و تەقدیر بێت. با پرسیار لە خۆمان بكەین، ئایا ئێمە دەتوانین كام لایەن بسڕینەوە، ئەسڵەن ئەم بۆچوونە دژی رێبازەكەی منە و لێم قبووڵ ناكات. ئێمە لە چوارچێوەی رێبازی بارزانی فێری ئەوە بووین، چۆن پێكەوە بژین، چۆن بیروبۆچوونە جیاوازەكان لە بازنەیەكدا پێكەوە كۆبكەینەوە بۆ ئەوەی كارێكی گەورەتر ئەنجام بدەین، بەداخەوە هەندێ جار ئەم شتە جوانانە وای لێهاتووە، مەسەلەكە دەگاتە ئەوەی نەك لە سەر بڕیاری سیاسی لێكجیاواز بین، خەریكە جیابوونەوەی كۆمەڵایەتیش لە نێوان هەولێر و سلێمانی و دهۆك و سلێمانی، لە نێوان دەڤەری بارزان و دەڤەری هەڵەبجە و راپەڕین و گەرمیان دروست دەكەن، توخوا ئەمە سیاسەتە؟ ئایا كێ ئەم سیاسەتە بەڕێوەدەبات؟ من وەك كوردێك كە پەروەردەی رێبازی بارزانیم، ئەگەر راپەڕین و پیرەمەگروون و هەڵەبجە و گەرمیان وەك بارزان سەیر نەكەم، من كورد نیم، ئێمە وا فێر كراوین كە دەبێت سەیری مەزڵوومییەتی ئەم میللەتە بكەین، بەرگری لە مەزڵوومییەتی ئەم میللەتە دژی زاڵمان بكەین، ئەوجا زاڵمەكە هەر كەس و دەوڵەتێك بێت.