گارى کینت: "کوردستان، گەشتێکی خێرا بەرەو سەربەخۆیی"

 گارى کینت:
(گارى کینت) سەرۆکى "ئۆڵ پارتى پەرلەمێنترەى گرووپ" لە پەرلەمانى بەریتانیا ده‌ڵێت "ئەو ڕۆژانە بەسەرچوون وڵاتانى زلهێز سوور بوون لەسەر یەکپارچەیى خاکى عێراق.

پەرلەمانتارێکی پێشووی بەریتانی وتارێک لەسەر پرسی سەربەخۆییی کوردستان، بارودۆخی ئابووری و هۆکارەکانی قەیرانی داراییی ناوچەکە بڵاو دەکاتەوە. (گارى کینت) سەرۆکى "ئۆڵ پارتى پەرلەمێنترەى گرووپ" لە پەرلەمانى بەریتانیا، وتارێک بە ناونیشانى "کوردستان گەشتێکى خێرا بەرەو سەربەخۆیى" لە گۆڤارى بەناوبانگى بەریتانى (ستەیت مەن) بڵاو دەکاتەوە سەبارەت بە سەربەخۆییى کوردستان، بارودۆخى ئابوورى و قەیرانى دارایى کە ناوچەکەی گرتووەتەوە. ئەو گرووپە بەمەبەستی دۆستایەتی و هاوکاریی کورد لە باشووری کوردستان دامەزراوە.

لە وتارەکەیدا، پەرلەمانتاری پێشووی بەریتانیا باسى سەردانەکەى بۆ دهۆک دەکات و دەنووسێت "دهۆک شارێکى ڕەنگینە و بە پێى کات دەبێتە شوێنى گەشتیارى و هەروەها زانکۆیەکى ئەمریکى لێکراوەتەوە و لە ئێستادا 300 خوێندکارى هەیە، بەڵام زانکۆى ئەمه‌ریکایى سلێمانییش کە لەسەرەتادا 35 قوتابى هەبوو، بەڵام ئێستا 1500 قوتابى لەناو کەمپە نوێکەیدا هەن، ئەو زانکۆیە سەرکردەى نوێ پێدەگەیەنێت بۆ بنیادنانى کۆمەڵگەیەکى ژیاری و شارستانی”. ناوبراو هەروەها باس لەوە دەکات کە "خەتیکى ڕاست هەیە بەرەو کوردستانێکى نوێ، ئەوان هەمیشە نائاسودە بوون کە بە عێراقەوە لکێنراون ماوەیەکى دوور و درێژ چەوسێنراونەتەوە و جینۆساید کراون، ئەوان ڕاپەرین و پەلامار دراونەتەوە تا ناوچەى دژەفڕین دروست کرا، ئەمەش وایکرد دیموکراسى بچەسپێنن و پەرە بە بواری پەروەردە بدەن و لەئێستادا خاوەنى 28 زانکۆن".

سەبارەت بە لایەنەکانی کوردستانیش ئاماژە بەوە دەکات کە "پێم وتراوە جیاوازیى نێوان لایەنەکان چارەسەر دەکرێت، بەڵام پێویستە هەموویان ئارام ببنەوە، دەبێت بە خێرایی کێشەکان چارەسەر بکرێن، ڕاستە تەمەنی دیموکراسیی ناوچەکە کەمە".

هەروەها لە وتارەکەیدا (گارى کینت) سەرۆکى "ئۆڵ پارتى پەرلەمێنترەى گرووپ" لە پەرلەمانى بەریتانیا، باسی لە سەردانی بۆ پەرلەمانی کوردستان کرد بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ سەرۆکى لیژنەی تەندروستى، کە دەیویست کار لەگەڵ ئەندامانى پەرلەمانى بەریتانیا بکات بۆ ئەوەى هاوکاریى دەرمانیى بەریتانى لە سەنگەرەکانى شەڕ زیاد بکات، لەهەنکاتدا، ئەو پێشمەرگانەى بریندار دەبن ڕەوانەی بەریتانیا بکرێن بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی.

پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی هەرێمی کوردستان، بەشێکی دیکەی وتارەکەی بوو. لەو بارەیەوە، ئەو ڕێگەوبان و بیناى تەواو نەکراوانەی باس کردووە کە کاریگەریى قەیرانی داراییان لەسەرە کە حکوومەتى هەرێمی کوردستان بەهۆى دابەزینى نرخى نەوت و شەڕى داعش و هاتنی بەلێشاوی ئاوارەیەکى زۆر، تووشى بووە، بەڵام لەهەمان کاتدا ئاماژە بە کۆمەڵێک کاری نوێی بازرگانی کردووە کە لەلایەن خەڵکەوەکاریان لەسەر دەکرێت.

پەرلەمانتارەکەی بەریتانی بە پێویستی دەزانێت حکوومەتى هەرێم هەنگاوى چاکسازى بنێت و داهات و خەرجی هاوسەنگ بکاتەوە و واز لە قەرز بێنێت. دەنووسێت "دەبێت باج لەسەر ئاو و کارەبا دابنرێت، هەرچەندە مووچەى کەمکردوەتەوە، بەڵام هێشتا جیاوازیى نێوان خەرجی و داهات زۆرە". "لە دیدارى مێریدا، وەزیرەکان و شارەزایان گفتوگۆی ڕاستگۆیانەیان لەسەر چاکسازى و گەندەڵى و بێکارى کرد و دەرکەوت کە ساڵانە 70 هەزار قوتابى زانکۆ تەواو دەکەن و بۆ ئەوەش دەبێت بە خێرایى هەلى کار زیاد بکرێت لە کەرتى کشتوکاڵ و گەشتیارى و بەوەش هەرێم لە وڵاتێکى پشتبەستوو بە نەوت دەگۆڕێت و بۆ ئەو مەبەستە پێویستیان بە هاوکاریى شارەزایانى بەریتانیایی دەبێت".

نووسەر سەبارەت بە هاوکاریی سەربازیی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی کوردستان و شەڕی داعش دەنووسێت "ئەوە هاوکارییەکى بەپەلە بوو کە ئەمریکا نزیکەى نیو ملیار دۆلارى داوەتە هەرێمی کوردستان لە بوارى چەک و هاوکاریى پێشمەرگە، لە ساڵى 2014، کە لە کوردستان بووم بەریتانیا هاوکاریى چەکى دایە حکوومەتى هەرێم و لەهەمان کاتدا ڕاهێنانى پێکردن. بەڵام بەغدا کە دوژمنى هاوبەشى هەیە لەگەڵ هەرێم، یان هاوکارى ناداتێ یان زۆر کەمى دەداتێ، پەرلەمانى بەغدایش لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە کۆنتڕۆڵ کرا، عەبادیش بە تەنیا مایەوە و هیچی پێنەکرا. کەلەپچەی نێوان هەولێر و بەغدا پچڕاوە و لێک دوور کەوتوونەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا هەردوولا هەماهەنگى بکەن لەسەر شەڕى داعش و ڕزگارکردنى مووسڵ و هەروەها کار لەسەر ئەوە بکەن چ ڕێگەیەک گونجاوە بۆ لە یەکتر جیابوونەوە بەشێوەیەکی ئاشتییانە".

داهاتووی سیاسیی عێراق تەوەرێکی دیکەی وتارەکەی (گارى کینت) بوو و لەو بارەیەوە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە "ئەو ڕۆژانە بەسەرچوون وڵاتانى زلهێز سوور بوون لەسەر یەکپارچەیى خاکى عێراق، من چەندین دیپلۆمات و بازرگانم بینیوە کە بە نهێنى تەئکید لەسەر ئەوە دەکەنەوە عێراق تەواو بووە، بەرپرسێکى باڵاى تورکیا پێى وتم کە تورکیا قه‌بووڵى سەربەخۆییى کوردستان دەکات و، سەلماندوویەتى کە دەتوانێت خۆى بەڕێوە ببات، لەهەمانکاتدا خۆپیشاندانەکان بۆ سەربەخۆییى کوردستان دەستى پێکردووە، ئێستا وڵاتانى ئەورووپا و ڕۆژئاوا دەبێت یارمەتیدەر بن بۆ ئەوەى ئەو جیابوونەوەیە بە ئاشتییانە بێت".

ناوبراو لە کۆتایی وتارەکەیدا ئەنجامی سەردانی ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانى بەریتانیا بۆ هەولێری خستووەتەڕوو، کە باسیان لە فڕۆکەخانە و گۆڕەپانى فڕینەکەى کردووە و خەریکى بنیادنانە، هەموویان پێیان وابوو کوردستان بەرەو سەربەخۆیى هەنگاو دەنێت و بۆ ئەوانەش کە حەزیان لە گەشتە، کوردستان جوانترین و سەلامەتترین شوێنە.







KDP
Top