عەمید سەرحەد: گەورەترین تۆڕی تیرۆریستانی داعشمان لە كەركووك دەستگیر كرد
عەمید (سەرحەد قادر) بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركووك، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دوای كۆكردنەوەی زانیاری، بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە گرووپێكی گەورەی تیرۆریستانی داعشمان دەستگیر كرد كە لە 10 تیرۆریست پێك هاتوون و دەتوانم بڵێم گەورەترین تۆڕی تیرۆریستانی داعشن كە بۆ كاری تیرۆریستی هاتبوونە سنووری شاری كەركووك".
عەمید (سەرحەد) گوتیشی: "گرووپەكە كۆمەڵێك ماددە و كەلوپەلێكی زۆری تەقینەوەیان لەگەڵ خۆیاندا هێنابوو و زیاتر لە 10 بۆمبی جۆراوجۆر و 4 چەكی كڵاشینكۆف و زیاتر لە 2 هەزار فیشەك و ئاڵای تیرۆریستانی داعش و كۆمەڵێك ماددەی سیفۆر و ماددەی تری تەقینەوە و مۆبایل، لەگەڵ ئەو كەلوپەلانەی كە بۆ كاری تیرۆریستی پێویستن، لەلایان بوو".
بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركووك زیاتر ڕوونی كردەوە: "لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەو تیرۆریستانەدا بەردەوام دەبێت".
KDP
