"كوردستان لەجیاتی جیهان شەڕی تیرۆر دەكات.. ئێستایش داوای سەربەخۆیی دەكەن"

مامۆستایەكی زانكۆ لە یاسای گشتی دەڵێ، كوردستان لە ڕووی دەوڵەتدارییەوە خاوەنی ئەزموونە، ئێستایش كە لە جیاتی جیهان جەنگ لە دژی تیرۆر دەكات، مافی دەوڵەت بوونی هەیە.

(عوسمان عەلی وەیسی) دكتۆرا لە یاسای گشتی و مامۆستای زانكۆی سەڵاحەددین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "كوردستان وەك خاك و نەتەوە، لە زەرەرمەندترین ئەو نەتەوانەیە كە بە هۆی سایكس پیكۆوە لە مافە سەرەتاییەكانی خۆی و لە مافی چارەنووس بێبەش بووە و، رووبەڕووی قڕكردن و تاوانی نێودەوڵەتی بووەتەوە".

(وەیسی) گوتیشی: "كوردستان لە پێش سەدەی شازدەوە ئامادەیی خەباتی ڕزگاریخوازی نیشتیمانی هەبووە و كۆشاوە هەم بۆ سەربەخۆیی و فیدڕاڵیەت و كۆنفیدڕاڵییەت و هەم بۆ حوكمی زاتی، هەروەها هەمیشە هەوڵی داوە ناسنامە و شوناسی خۆی وەك نیشتیمان و وەك گەل و نەتەوە بپارێزێ".

ئەو مامۆستایەی زانكۆ ئاماژەی بەوەش كرد: "لە چوارچێوەیەكی دیكەیشدا، سایكس پیكۆ پەیماننامەیەكی بەتاڵە و كۆتایی پێ هاتووە، ئێمەیش ئێستا لە هەرێمی كوردستان یاساما و دەستوورمان هەیە و وێڕای ئەوەی دەوڵەتیش نین، بەڵام خاوەنی سەقامگیری و ناوچەیەكی ئارامین كە بەردەوام باس دەكرێت و هەموو جیهانیش چاویان لەوەیە كە كوردستان چۆن ئاشتی و تەبایی لە ناوچەكەدا بەرجەستە دەكات، بۆیە گەلی كورد بەپێی ئەزموونی حوكمداری و لە ڕووی ئەزموونی دیموكراسییەوە، مافی خۆیەتی ببێتە خاوەنی دەوڵەت، ئێستایش دەرفەت لە بەردەمە و خەڵكی كوردستان بە هەموو پێكهاتە و سەرجەم پارتە سیاسییەكانەوە بە بێ جیاوازی، داوای سەربەخۆیی دەكەن".










KDP
Top