هاوپەیمانان: هاوکاریی زیاتری پێشمەرگە دەکەین
عەقید ستیڤ وارن، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە (شەرقولئەوسەت)ی راگەیاندووە، کە داعش %40 ئەو ناوچانەی داگیری کردبوون، لە دەست داوە و هاوپەیمانان و هێزە زەمینییەکان شکستیان بەو رێکخراوە هێناوە.
عەقید ستیڤ وارن ئاماژەی بەوەش داوە، کە کاری لەپێشینەی هاوپەیمانان بۆردومانکردنی ژێرخانی ئابووریی ئەو رێکخراوەیە، لێدانی سەرکردەکانییەتی و هێنانە دەرەوەی داعشە لە شار و شوێنە ئاوەدانییەکان.
گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەروەها رایگەیاند، کە هاوپەیمانان بەردەوام دەبن لە هاوکاری کردن و راهێنانی سەربازی بۆ ئەو هێزە ناوچەییانەی لەسەر زەوی شەڕی دژی داعش دەکەن، کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان کاریگەرترین و سەرکەوتووترین هێزی زەمینییە لە شەڕی دژی ئەو رێکخراوە.
دوای هێرشی چەکدارانی داعش لە مانگی ئابی 2014 بۆ سەر کوردستانی باشوور، ژمارەیەک وڵاتی ئەوروپی و رۆژئاوایی بە سەرکردایەتیی ئەمریکا، هاوپەیمانییەکیان پێکهێنا، کە لە رێی ئاسمانییەوە بنکە و بارەگاکانی داعش بۆردومان دەکەن و راوێژکارە سەربازییەکانیان مەشق و راهێنان بە هێزی پێشمەرگە دەکەن، وێڕای ناردنی هاوکاریی سەربازی بۆ هەرێمی کوردستان.
باسنیوز
