حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر دابینکردنی ژیانی شیاو بۆ مامۆستایان دەکاتەوە
لە پەیامی ئەنجومەنی وەزیراندا بۆ یەکێتیی مامۆستایاندا هاتووە: " گیانی خۆڕاگری و هەڵوێستی دڵسۆزانەی سەرجەم مامۆستایانی کوردستان لەم دۆخە هەستیار و سەختەدا، جێگەی ڕێز و پێزانینە کە وەک "پێشمەرگەی پەروەردە و فێرکردن" بوونەتە سەرمەشقی خۆڕاگری و بنیاتنانی گەل و نیشتیمانەکەیان."
دەقی پەیامەکە:
بە بۆنەی پەنجا و چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنییەوە، پیرۆزباییەکی گەرم لە یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان و لە ڕێگەی ئەویشەوە لە سەرجەم مامۆستایانی دڵسۆزی کوردستان دەکەین، هیوادارین ئەم بۆنەیە ببێتە هاندەری زیاتری خەباتی پیشەیی و مەدەنیی ئەم ڕێکخراوە لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری مامۆستایانی کوردستان و گەل و نیشتیمانەکەمان.
گیانی خۆڕاگری و هەڵوێستی دڵسۆزانەی سەرجەم مامۆستایانی کوردستان لەم دۆخە هەستیار و سەختەدا، جێگەی ڕێز و پێزانینە کە وەک "پێشمەرگەی پەروەردە و فێرکردن" بوونەتە سەرمەشقی خۆڕاگری و بنیاتنانی گەل و نیشتیمانەکەیان. ڕێکخراوەکەشیان وەکو خۆیان ڕۆڵێکی پێشڕەوانە دەبینێ کاتێک هێزی جەهل و تاریکی بەرۆکی نیشتیمانەکەمانی گرتووە، ئەم ڕێکخراوە بە دروشمی "خوێندنی باش بۆ هەموان"، دەیەوێ هەموو ناوەندەکانی پەروەردە و فێرکردنمان بکرێنە چرای ئێستا و ئاییندەمان.
مایەی خۆشحاڵی و شانازیشە کە یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان قۆناغی ڕێکخراوێکی لۆکاڵی تێپەڕاندووە و ئێستا بووەتە ڕێکخراوێکی جیهانی و خاوەن پێگەیەکی سەنگین.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وێڕای هەموو کێشە و دژواریەکان، سوورە لەسەر بایەخدانی زیاتر بە کەرتی پەروەردە و خوێندن، وەک هەستیارترین کەرتی پەیوەست بە بنیاتنانی نیشتیمان و مرۆڤ و ژیان، هەموو هەوڵێکیش دەدات بۆ دابینکردنی ژیان و گوزەرانێکی گونجاو بۆ مامۆستایان کە شیاو بە پێگە و ئەرک و ڕۆڵی پڕ بایەخیان بێت.
مامۆستایانی دڵسۆز،
ئێوەی خاوەن پەیامی پیرۆزی پەروەردە و فێرکردن کە هەمیشە پێشەنگی کۆمەڵگەکەتانن، بە هەڵوێستی دڵسۆزانەتان سەلماندتان کە لە هەموو بارودۆخە هەستیار و چارەنوسسازەکاندا نموونەی بەخشندەیین و سەرمەشقی خۆڕاگری و ئیرادەی بنیاتنانی ئەم گەلەن، بۆ مسۆگەرکردنی ئێستایەکی پڕ شکۆ و دواڕۆژێکی پرشنگداریش بۆ نەوەکانمان.
دووبارە ئەم بۆنەیە لە سەرجەم مامۆستایانی کوردستان پیرۆز دەکەین.
بەرز و پیرۆزبێت پەنجا و چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
١٥/٥/٢٠١٦
باسنيوز
