بەلجیکا بارەگاکانی داعش لە کوردستانی رۆژئاوا بۆردومان دەکات
پێشتر فڕۆکە جەنگییەکانی بەلجیکا تەنیا لە کوردستانی ابشوور و عێراق بارەگاکانی داعشیان بۆردومان دەکرد و لە مانگی ئاداری رابردووشدا ئەمریکا داوای لەو وڵاتە کرد، لە کوردستانی رۆژئاوا و سووریاش هێرش بکاتە سەر بارەگانی داعش و حکوومەتی بەلجیکاش لە کۆبوونەوەی رۆژی هەینی 13ـی ئایاری 2016 ئەو بڕیارەی پەسەند کرد.
بەپێی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی بەلجیکا، لە رۆژی 1ـی تەمموزی ئایندەوە، فڕۆکە جەنگییە F16ـەکانی ئەو وڵاتە بارەگاکانی داعش لە کوردستانی رۆژئاوا و سووریاش بۆردومان دەکەن.
دوای هێرشی چەکدارانی داعش لە مانگی ئابی 2014 بۆ سەر کوردستانی باشوور، ژمارەیەک وڵاتی ئەوروپی و رۆژئاوایی بە سەرکردایەتیی ئەمریکا، هاوپەیمانییەکیان پێکهێنا، کە لە رێی ئاسمانییەوە بنکە و بارەگاکانی داعش بۆردومان دەکەن.
باسنيوز
