حەسەن عەلەوی: سەرکردەکانی جیھان لە ئاست چۆکی مەلا مستەفا بوون
لە راگەیەندراوەکەدا، حەسەن عەلەوی، سیاسەتمەدار و بیرمەندی عێراقی رایگەیاندووە، ”وەک سامەڕائی دەڵێت، پێویستە حکوومەتی فیدڕاڵیی عێراق رەزامەندیی لەسەر جیابوونەوەی کوردستان نیشان بدات و بەزمانێک کە وەک دەرکردنی کورد بێت لە دەوڵەتی عێراقی نەک دانپێدانان بە سەربەخۆبوونی نەتەوەییان، کە 100 ساڵ دواکەوت".
حەسەن عەلەوی باس لەوە دەکات، کە لیوا وەفیق سامەڕائی باس لە بزووتنەوەیەکی رزگاریخوازی دەکات، کە تەمەنی لە پێنج سەدە زیاترە، واتا لە شەڕی چاڵدێرانەوە (1514). عەلەوی پێیوایە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد و بزووتنەوە رزگاریخوازییە عەررەبییەکان جیاوازییان نییە، ”عومەر موختاری سەرکردەی شۆڕشی لیبییەکان لەسێدارە درا و عەبدولسەلام بارزانی، سەرکردەی جوڵانەوەی رزگاریخوازی کورد وەک یەک لە سێدارەدراون و هەردووکیان شەهیدکراون“.
ئەو بیرمەندە عێراقییە، کە لە خولی رابردوودا پەرلەمانتاری عێراق بوو، باسی مستەفا بارزانی دەکات و رایدەگەیەنێت، کە ”مەلا مستەفای بارزانی میراتی رەوشتی پیاوانی رزگاریخوازی جیھانە“ و پێیوایە سەرکردەکانی جیهان ”لە ئاستی چۆکی مستەفا بارزانی بوون“.
حەسەن عەلەوی نهێنییەکی گفتوگۆیەکی بارزانی و شاندی حکوومەتی ئەوکاتی عێراق ئاشکرا دەکات، کە شاندەکەی حکوومەت داوای ئازادکردنی حەمید عوسمانی فڕۆکەوانی بە دیلگیراوی عێراقییان دەکرد و بارزانیش بەو مەرجە رەزامەندیی نیشاندا، کە کازم شبر، پزیشکی ناسراوی عێراقی و بە نەتەوە و ئایین شیعەی عەرەبی ئازا بکرێ، ئەم نموونەیە بە نموونەی مرۆڤدۆستی و دژایەتی نەکردنی هیچ میللەتێک لەلایەن بارزانییەوە، دادەنێت.
عەلەوی بە بیر وەفیق سامەڕائی دەهێنێتەوە، کە سەرەڕای شەڕی شۆڕشی کوردستان و رژێمی عێراق، ”بارزانی لەگەڵ کوشتنی سیاسییەکاندا نەبوو، دژ بە تەقاندنەوەی دەزگا ئاینییەکان بوو“، تەنیا شەڕی ئەو هێزانەی دەکرد، کە هێرشیان دەکردە سەر پێشمەرگە و گەلی کوردستان.
ئەو بیرمەندە عێراقییە رەخنەگرتن لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاڕاددەیەک بە ئاسایی دەبینێت، بەڵام بە خراپ باسکرنی شۆڕشی رزگاریخوازی گەلی کوردستان و رابەرەکەی بە ”سنووربەزاندن“ دادەنێت و رایدەگەیەنێت، ئەوکاتەی وەفیق سامەڕایی لە بەغدا هەڵهات، کوردەکان رزگاریان کرد و گەیاندیانە سووریا و خزمەتیان کرد.
حەسەن عەلەوی پێیوایە وەفیق سامەڕایی ”بێ وەفایە“ بەرامبەر رێزگرتنی گەلی کورد لێی و ئاماژە بە رووداوێکی مێژووی دەکات و رایدەگەیەنێت، کاتێک ئەو ژمارەیەک نەتەوەپەرستی دیکەی عەرەب لەلایەن رژێمی عێراقەوە دەستگیرکراوە، ”سەرکردەکانی شۆڕشی ئەیلول ئێمەیان رزگار کرد“.
عەلەوی هەروەها رایدەگەیەنێت، کە مستەفا بارزانی خاوەن کەسایەتییەکی بەرز بووە، ”سەرکردە و بەرپرسانی باڵای عێراق سەردەکەوتن بۆ لای، نەک ئەو بێتە خوارەوە بۆ لایان“ و شیعرێکی محەمەد مەهدی جەواهیری، شاعیری گەورەی عەرەب دەکات، کە تێیدا وەسفی بارزانی دەکات و دەڵێت:
مستشرفا كبد السماء جبينه للنيرات ورجله في الزاب
وسط الجبال كأن صم صخورها من بعض ما استطصفى من الحجاب
ئەو بیرمەندە عێراقییە لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەش دەکات، کە مستەفا بارزای لەو شاخانەی کوردستاندا، بە لەتە نانێک و پیاڵەیەک چا سەرکردایەتیی شۆڕشی دەکرد و ”بڕنۆ و چاکەتەکەی تاوەکو چۆکی دەهاتنە خوارەوە و هەموو سەرکردەکانی جیهانیش لای چۆکی دەوەستان“.
باسنیوز
