سەرۆك بارزانی پەیامێک لە ساڵیادی داستانی هەندرێن بڵاو دەکاتەوە
لە پەیامێکدا، سەرۆك بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان داستانی هەندرێن لە حەوزی رواندوز لە رۆژی 12ـی ئایاری 1966 بە ”رۆژێکی مێژوویی“ دادەنێت.
سەرۆك بارزانی ئاماژە بە چۆنێتی شەڕەکە دەکات و رایدەگەیەنێت، کە هێزێکی پڕچەکی زەمینی و حاسمانیی رژێمی ئەوکاتی عێراق بۆ لەناوبردنی سەرکردایەتیی شۆڕشی ئەیلوول، هێرشی کرد و پێشمەرگە لە شەڕێکی 10 رۆژیدا، توانی ئەو هێزە گەورەیەی دوژمن تێکبشکێنێت.
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستان پێیوایە بە شکانی ئەو هێرشەی رژێمی عێراق، ”پیلانێکی مەترسیدار“ی عێراق دژ بە کوردستان شکستی هێنا و وەرچەرخانێک بوو لە خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان.
سەرۆك بارزانی بە ئاماژە کردن بەوەی ئەو داستانە ”لاپەڕەیەکی پڕشکۆی مێژووی گەلەکەمانە“، سڵاو بۆ گیانی شەهیدانی ئەو داستانە دەنێرێت، کە ”وەک ئەستێرەی گەش لە ئاسمانی خەباتی گەلی کوردستان لەپێناو ئازادیدا دەمێننەوە“.
سەرۆك بارزانی پێیوایە سەرکەوتنەکانی ئێستای ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش، ”درێژکراوەی ھەمان قارەمانێتی و بەرخودانە، کە پێشمەرگە لە قۆناغە جیاجیاکانی شۆڕش و خەباتدا نواندوویەتی و دوژمن لە ھەر بەرگ و ڕەنگێکدا بێت لە بەرانبەر ئازایەتیی پێشمەرگە چۆکدا دەدات“.
باسنیوز
