کۆنگرێسمانێک داوا دەکات پێشمەرگە پارێزگاری لە پێکهاتە ئایینییەکان بکات
جێف فرۆنتبێری، کۆنگرێسمانی ئەمەریکی و نوێنەری ویلایەتی نبراسکا، داوا دەکات ناوچەیەکی ئارام لە عێراقدا دروست بکرێت بۆ پارێزگاری لە پێکهاتەکان بەتایبەتی کریستیان و ئێزدییەکان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە بەڕێوەی ببەن.
فرۆنتبێری کە ئەندازیاری بڕیاری کۆنگریسی ئەمەریکایە بۆ بەجینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش لە عێراق و سووریا دژ بە ئێزدی و کریستیان و پێکهاتەکانی دیکە، لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکادا، بە ئاشکرا داوای کرد ناوچەیەکی ئارام بە شێوەیەک مەرجی تایبەتی ھەبێت لە عێراقدا دابمەزرێت و بەتایبەتی لە دەشتی نەینەوا کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و پێشمەرگە بەڕێوەی ببەن و دەکرێت بە شێوەیەک حکوومەتی ناوەندیی بەغداش پەیوەندیی پێوە ھەبێت.
ئەو کۆنگرێسمانە مەترسیی خۆی نەشاردەوە کە لە ئەنجامی کردەوەی دڕندانەی توندڕۆکان و داعش، پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان کە ئەو ناوچانەیان دروست کردووە، شوێنی خۆیان بەجێ بهێڵن و پێکهاتەی دانیشتوان لەو شوێنانە بگۆڕدرێت.
نوێنەرەکەی ویلایەتی نبراسکا لە کۆنگرێسی ئەمەریکا داوا دەکات بەھەموو شێوەیەک ھەوڵ بدرێت داکۆکی لە پێکهاتەی دیموگرافی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بکرێت و پێکهاتە جیاجیاکان بە ئارامی و ئاسایش لە شوێنی خۆیاندا بژین.
باسنيوز
