سەركردایەتیەكی پارتی: نێچیرڤان بارزانی راسپێردراوە داوای كۆبوونەوەی لایەنەكان بكات

سەركردایەتیەكی پارتی: نێچیرڤان بارزانی راسپێردراوە داوای كۆبوونەوەی لایەنەكان بكات

ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی ئاشكرایدەكات، لەدواكۆبونەوەی حزبەكەیدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم راسپێردراوە بۆ ئەوەی داوای كۆبونەوەی لایەنە سیاسیەكانی كوردستان بكات.

ئەنجومەنی‌ سەركردایەتی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، پێنجشەممەی رابردوو 5ی ئەم مانگە بەسەرۆكایەتی‌ مەسعود بارزانی‌ سەرۆكی‌ پارتەكە كۆبوونەوە، تاووتوێی‌ چەند پرسێكی‌ تایبەت بەعیراق‌و هەرێمیان كرد، لەنێویاندا دۆسیەی‌ ریفراندۆم‌و ئەو ناكۆكییە سیاسیانەی‌ لەنێوان لایەنەكاندا هەیە.

دكتۆر محەمەد خورشید، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی وتى "لەكۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی باس لەوەكرا كە پارتی دەستپێشخەری بكات بۆ كۆبوونەوەی لایەنە سیاسیەكان".

ئاشكراشیكرد "داواكرا نێچیرڤان بارزانی وەك جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان یاخود وەك سەرۆكی حكومەتی هەرێم داوای كۆبوونەوەی سەرجەم لایەنە سیاسیەكان بكات".

كۆبوونەوەكەی‌ پارتی‌ هاوكات بوو لەگەڵ ئەو جوڵە سیاسیانەی‌ لایەنە سیاسییەكان دەستیانپێكردووەتەوە، بەتایبەتی‌ دوای‌ گەڕانەوەی‌ نەوشیروان مستەفا بۆ هەرێم چەندین كۆبوونەوەی‌ لایەنەكان ئەنجامدراوە بۆ تاووتوێكردنی‌ چارەسەری‌ كێشەكانی‌ هەرێم.

دكتۆر محەمەد خورشید دەڵێت، لەو كۆبوونەوەیەی پارتی داوایدەكات باس لەبارودۆخی عێراق و كوردستان دەكرێت، بۆ ئەوەی گفتوگۆیەكی دروست لەسەر بارودۆخە بكرێت‌و رێگەچارەسەر بدۆزرێتەوە.
هەرێمی‌ كوردستان نزیكەی‌ حەوت مانگە لە‌قەیرانێكی‌ ئاڵۆزی‌ سیاسیدایە، تائێستاش دەیان دەستپێشخەری بۆ چارەسەری ناكۆكییەكان ئەنجامی نەبووە.
Top