وەزیری بەرگری ئیتالیا: پێشمەرگە بەشێکە لە ئێمە و ئێمەیش بەشێکین لە پێشمەرگە

 وەزیری بەرگری ئیتالیا: پێشمەرگە بەشێکە لە ئێمە و ئێمەیش بەشێکین لە پێشمەرگە
لەدیداریدا لەگەڵ (سەرۆک بارزانی) وەزیری بەرگری ئیتالیا رایگەیاند کە، وڵاتەكەی شانازی بەو بەشدارییە دەكات كە لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدا هەیەتی لە شەڕكردن بەرانبەر تیرۆریستان كە دوژمنی مرۆڤایەتین و هێمای بەوەیشدا، پێشمەرگە بە بەشێك لە خۆیان دەزانن و خۆیشیان بە بەشێك لە پێشمەرگە دادەنێن.

ڕۆژی سێشەممە 10ـی 5ـی 2016 لە سەلاحەددین مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە خاتوو ڕۆبێرتا پینۆتی وەزیری بەرگریی ئیتالیا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە ماركۆ كارنێلۆس باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق و خاتوو ئەلێساندرا دیپیپۆ كونسوڵی ئیتالیا لە هەولێر و ژمارەیەك لە فەرماندە و بەرپرسە باڵاكانی سوپای ئیتالیا.

لە دیدارەكەدا وەزیری بەرگریی ئیتالیا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە دیداری سەرۆك بارزانی لە نزیك بەرەكانی شەڕ كە خۆی لەخۆیدا مانایەكی بەرزی هەیە و ئەوەیشی خستەڕوو وڵاتەكەی شانازی بەو بەشدارییە دەكات كە لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدا هەیەتی لە شەڕكردن بەرانبەر تیرۆریستان كە دوژمنی مرۆڤایەتین و هێمای بەوەدا، پێشمەرگە بە بەشێك لە خۆیان دەزانن و خۆیشیان بە بەشێك لە پێشمەرگە دادەنێن. هەروەها سوپاسی سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستانی كرد كە سەرباری بوونی شەڕ و تەحەدیاتی گەورەی ئابووری سەدانهەزار ئاوارە و پەنابەریان لەخۆوەگرتووە كە ئەركێكی سەخت و دژوارە. وەزیری بەرگریی ئیتالیا پابەندبوونی وڵاتەكەی دووپاتكردەوە بۆ پێشكێشكردنی هاوكاریی سەربازی و مرۆیی بۆ پێشمەرگە و گەلی كوردستان و سوپاسی هەماهەنگی و یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد لەگەڵ تیمە سەربازییەكانی ئیتالیا لە سەدی مووسڵ و ئەو هەماهەنگییەی بە برایانە و دۆستانە وەسف كرد.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی وەزیری بەرگریی ئیتالیا و شاندی یاوەری كرد و سوپاسی گەل و حكوومەتی ئیتالیای كرد بۆ هاوكاری و پشتیوانیكردنی گەلی كوردستان و خۆشحاڵی و ڕەزامەندیی خۆی بە شاندی میوان ڕاگەیاند بۆ بوونی تیمە سەربازییەكانی ئیتالیا بۆ پاراستنی سەدی مووسڵ و ئامادەیی پێشمەرگەیشی نیشاندا بۆ هەموو جۆرە هاوكاری و هەماهەنگییەك لەگەڵ هێزەكانی ئیتالیا. لە درێژەی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی باسی لە گیانفیدایی هێزی پێشمەرگە كرد بۆ ئازادكردنی سەدی مووسڵ كە دەستبەسەرداگرتنی لە لایەن داعش هەڕەشەیەكی گەورە بوو بۆ سەر عێراق و هەروەها ئازادكردنی ناوچەكانی تر لە دەستی داعش و پاراستنی پێكهاتەكان لەبەرانبەر تیرۆریستان و، پەیوەست بە یارمەتیدانی ئاوارەكان وێڕای ئاماژەدان بە كەمتەرخەمیی حكوومەتی عێراقی لە هاوكاریكردنی پەنابەران جەختی لەوە كردەوە كە گەلی كوردستان ئەوەی لە توانایدا بێت بۆ ئاوارە و پەنابەران درێخی نەكردووە. سەرۆك بارزانی جەختی لەوەیش كردەوە كە تیرۆر هەڕەشەیەكە بۆ سەر هەموو جیهان و پێویستە هەموو لایەك هاوكاری یەكتر بن بۆ لەناوبردن و نەهێشتنی تیرۆر.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ و سروشتی شەڕی تیرۆریستان و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان تاوتوێ كرا.
جێگەی ئاماژەپێدانە لەم كۆبوونەوەیەدا ژمارەیەك لە بەرپرسە ئەمنی و سەربازی و سیاسییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان ئامادە بوون.







KDP
Top