نزیكەی 500 فەرمانبەری وەزارەتی ئەوقاف وازدەهێنن

 نزیكەی 500 فەرمانبەری وەزارەتی ئەوقاف وازدەهێنن
بەهۆی دواكەوتنی مووچە نزیكەی 500 فەرمانبەر لە وەزارەتی ئەوقاف وازدەهێنن، بەرپرسێكی وەزارەتەكەش دەڵێت "زۆربەیان مۆڵەتی 5 ساڵیان بەبێ‌ مووچە كردووە".

مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەكانی وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "دواكەوتنی مووچە وایكردووە نزیكەی 500فەرمانبەری وەزارەتی ئەوقاف وازیان لە كارەكانیان هێناوە، بەشێكی زۆری ئەو فەرمانبەرانە كە ژمارەكەیان لەنێوان 300 تاوەكو 500 فەرمانبەرە مۆڵەتی 5 ساڵی بەبێ‌ مووچەیان كردووە".

مەریوان نەقشبەندی گوتیشی "ئەوە حاڵەتێكی سرووشتییە كاتێك مووچە دوادەكەوێت یاخود مووچەی فەرمانبەران بەهۆی ئەو پاشەكەوتە كەمدەكرێتەوە، فەرمانبەران ناتوانن بەو پارە كەمە بژین بۆیە وازدەهێنن یان دەیكەنە مۆڵەتی درێژخایەن، هەندێك لەو فەرمانبەرانە بە بەر چاكسازییەكانی حكومەت كەوتوون هەیان دوو مووچەی هەیە لەوانەیە دەستبەرداری مووچەی وەزارەتی ئەوقاف بووبێت".

بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەكانی وەزارەتی ئەوقاف ئاشكرایدەكات "لە یەكێك لە بەڕێوەبەراییەتییەكان 40 فەرمانبەر بۆ دەرەوەی وڵات كۆچیان كردووە و مۆڵەتی 5 ساڵی بەبێ‌ مووچەیان كردووە".

بەهۆی بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان لە لایەن حكومەتی عێراق، بەردەوامی خەرجی پێشمەرگە لە شەڕی داعش و هاتنی ملیۆنێك و 800 هەزار ئاوارە و پەنابەری شارە سوننیەكانی عێراق و رۆژئاوای كوردستان هەروەها دابەزینی نرخی نەوت هەرێمی كوردستان دووچاری قەیرانێكی دارایی سەختبووەتەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان 5 مووچەی فەرمانبەرانی نەداوە، پارەی بەڵێندەران و كۆمپانیاكان و پرۆژەكانی خزمەتگوزاری دابیننەكراوە.
Top