هێزێكی پێشمه‌رگه بۆ خورماتوو پێكده‌هێنرێت
قه‌زای خورماتوو سه‌ر به پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین، كه دانیشتوانه‌كه‌ی له كورد‌و توركمانی شیعه مه‌زهه‌ب‌و عه‌ره‌ب پێكهاتوون، له‌سێ ساڵی رابردوودا چه‌ندین شه‌ڕو روبه‌ڕووبونه‌وه‌ی به‌خۆوه بینیوه له‌نێوان حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، سه‌ره‌ڕای ئیمزاكردنی چه‌ندین رێككه‌وتن و ئاگربه‌ست.
دوایین پێكدادانی نێوان حه‌شدی شه‌عبی و پێشمه‌رگه له‌مانگی رابردوودا بوو، پاش دوو جار رێككه‌وتن كۆتایی پێ هێنرا، له‌ئێستاشدا له‌پاڵ ئه‌و هێزه هاوبه‌شه‌ی له‌نێوان پێشمه‌رگه‌و حه‌شد پێكهێنراوه بۆ پاراستنی ئاسایشی قه‌زاكه، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه سه‌رقاڵی دامه‌زراندنی هێزێكی دیكه‌یه.
رۆژی 28 مانگی رابردوو، لیژنه‌یه‌كی سه‌ر به وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئیداره‌ی خورماتوو كۆبووه‌وه بۆ تاوتوێكردنی دروستكردنی هێزه‌كه‌و ئه‌و داوایانه‌ی ئیداره‌ی ناوچه‌كه خستبویانه به‌رده‌م مه‌سعود بارزانی.
17 مانگی ڕابردوو به‌شێك له دانیشتوانی قه‌زای خورماتوو به‌سه‌رپه‌رشتی قایمقامی قه‌زاكه سه‌ردانی بارزانی یان كرد و چه‌ند داواكاریه‌كیان خسته‌به‌رده‌می، گرنگترینیان تۆكمه‌كردنی ئاسایشی قه‌زاكه‌و دروستكردنی هێزێك بوو له كوردانی دانیشتووی قه‌زاكه.
شه‌لال عه‌بدول قایمقامی خورماتوو به خه‌ندانی وت "لیژنه‌كه له داقوق له‌گه‌ڵ ئێمه دانیشتن و رێككه‌وتین له‌سه‌ر دروستكردنی هێزێك له دانیشتوانی قه‌زاكه كه ژماره‌یان له 1500 كه‌س كه‌متر نه‌بێت، له مه‌رجه‌كانی دامه‌زراندنی ئه‌ندامانی هێزه‌كه‌دا هه‌مان ئه‌و مه‌رجانه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی تێدابێت".
وتیشی "پێشنیازمان كردووه ئه‌و هێزه ته‌نها تایبه‌ت نه‌كرێت به كورد و رێژه‌یه‌كی كه‌م له عه‌ره‌ب و توركمانیشی تێدابێت، پێشنیاره‌كانی ئێمه‌ش وه‌رگیراوه له‌سه‌ر ئه‌و پێشنیارانه‌ی ئێمه داومانه‌ته لیژنه‌كه هێزه‌كه دروستده‌كرێت".
جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه به‌خه‌ندانی راگه‌یاند، لیژنه‌یه‌ك له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه له چه‌ند رۆژی رابردوودا سه‌ردانی خورماتووی كردووه بۆ ئاماده‌كردنی راپۆرتێك له‌سه‌ر كێشه‌و داواكاری ناوچه‌كه، لیژنه‌كه له‌گه‌ڵ قایمقامی خورماتوو و به‌رپرسانی پێشمه‌رگه له سنوره‌كه‌و نوێنه‌رانی حه‌شدی شه‌عبیدا دانیشتووه.
هه‌رچه‌نده جه‌بار یاوه‌ر باسی له دروستكردنی هێزێكی تایبه‌ت نه‌كرد بۆ خورماتوو، به‌ڵام ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، سه‌ردانی لیژنه‌كه بۆ ئاماده‌كردنی راپۆرتێك بووه له‌سه‌ر ئه‌و داواكاریانه‌ی كه پێشتر خه‌ڵكی ناوچه‌كه به سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم یان دابوو، لیژنه‌كه چه‌ند پێشنیارێكی گه‌ڵاڵه‌كردووه له‌و راپۆرته‌یدا كه ئاماده‌یكردووه، بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه به ناوه‌ڕۆكی پێشنیاره‌كان بكات.
به‌ڵام به‌رپرسی ناوچه‌ی پارتی له خورماتوو كه ئاگاداری ورده‌كاریی دروستكردنی هێزه‌كه‌یه ئاشكرایكرد، ئه‌و هێزه‌ی پێكده‌هێنرێت سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ده‌بێت و ئه‌ندامه‌كانی كوردانی قه‌زاكه ده‌بن.
ئه‌حمه‌د شێخ له‌نگه‌ری به خه‌ندانی راگه‌یاند، داوای پێكهێنانی هێزیان خستووه‌ته به‌رده‌م بارزانی، ئه‌ویش به‌ڵێنی پێداون ئه‌وه‌ی له ده‌سه‌ڵاتیدا بێت درێغی نه‌كات له پێكهێنانی هێز بۆ كوردانی قه‌زاكه.
وتیشی "چه‌ند رۆژێك پێش ئێستا لیژنه‌یه‌ك له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه هاتنه خورماتوو راپۆرتێكیان ئاماده‌كرد له‌سه‌ر ناوچه‌كه، بۆ دروستكردنی هێزێكی سه‌ربازی سه‌ر به‌وه‌زارتی پێشمه‌رگه، لیژنه‌كه گه‌ڕانه‌وه بۆ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و له چه‌ند رۆژی ئاینده‌دا ده‌رئه‌نجامی خێری لێده‌كه‌وێته‌وه".
به‌وته‌ی ئه‌حمه‌د شێخ له‌نگه‌ری، تائێستا نازانرێت ئه‌و هێزه له ئاستی فه‌وجدا ده‌بێت یان لیوا ئه‌وه‌ش ده‌كه‌وێته سه‌ر ئه‌و راپۆرته‌ی كه لیژنه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ئاماده‌ی كردووه له ناوچه‌كه‌دا.
