هەنگاریا 275 تۆن چەك و تەقەمەنی پێشكەشی پێشمەرگە دەكات
سەركۆنسوڵی هەنگاریا لە هەولێر، جابا سیكینزی لە میانەی كۆنفرانسێكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند "لە چوارچێوەی هاوكارییەكاندا بۆ رووبەڕووبوونەوەی شەڕی تیرۆر، تا ئێستە هەنگاریا 275 تۆن چەك و تەقەمەنی پێشكەشی هێزەكانی پێشمەرگە كردووە و بڕیار دراوە كە 110 جۆر تەقەمەنی بەهێزی تر پێشكەشی پێشمەرگە بكات".
گوتیشی "ئێستە راوێژكار و راهێنەرانی سەربازی وڵاتەكەمان بەبەردەوامی مەشق و راهێنان بەهێزەكانی پێشمەرگە دەكەن و نەخۆشخانە سەربازییە تایبەتەكانیشمان، ئەركی چارەسەركردنی ژمارەیەك پێشمەرگەی برینداری شەڕی داعشیان لەئەستۆ گرتووە كە ژمارەیەكیان چارەسەر كراون و ئێستە چواریان گەڕاونەتەوە هەرێمی كوردستان".
سكینزی راشیگەیاند "هەموو ئەو هاوكارییانەی وڵاتی هەنگاریا راستەوخۆ پێشكەشی هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە كراون و هاوكارییەكانی تریش هەر راستەوخۆ پێشكەشی هەرێم دەكرێن".
گوتەكانی سەركۆنسوڵی هەنگاریا لە هەرێمی كوردستان دوای كۆبوونەوەیەكی هات لەگەڵ پارێزگاری هەڵەبجە و جێگرەكەی و گفتوگۆی چۆنیەتی هاوكاریی ئەو وڵاتە بۆ هەڵەبجە.
