سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی: ئەگەر ڕێککەوتنەکەی یەکێتی و گۆڕان بۆ دژایەتی پارتی بێت بێ ئەنجام دەبێت

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی: ئەگەر ڕێککەوتنەکەی یەکێتی و گۆڕان بۆ دژایەتی پارتی بێت بێ ئەنجام دەبێت
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر ڕێککەوتنەکەی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، بۆ دژایەتیکردنی پارتی دیموکراتیی کوردستان بێت، ئەوا بێ ئەنجام دەبێت.

ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، لە وتارێکدا کە بە ناونیشانی(ڕێککه‌وتنی یەکێتی و گۆڕان) نووسیویەتی، ئاماژەی بەوە داوە: “لە زەمەنی جیاکردنەوەی گۆڕان یە یەکێت، پارتی دیموکراتیی کوردستان دڵخۆش نەبوو بەوەی کە حزبە هاوپەیمانەکەی گرفت و کێشەی هەبێت و لاباڵێکی لێی جیاببێتەوە، وەک چۆن ئێستاش بەردەوام پەرۆشی ناو ماڵی یەکێتییە وەک حزبێکی کاریگەر!”. ئەوەشی ڕوون کردەوە کە پارتی لە زۆر زەمەن و زەمینەی جیاواز و لە هەموو قۆناغەکاندا، ئەزموونی لەگەڵ یەکێتیدا هەیە، بۆیە دەڵێت: “بۆ پارتی، قۆناغی یه‌که‌م باشتر و ئاسانتر بوو که له‌گه‌ڵ یەک هێز بە ناوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان مامەڵە و خەبات و حوکمڕانی وڵاتی دەکرد”.


سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەشی بەوە کردووە، پێش ئەوەی ڕێککەوتنەکەی نێوان گۆڕان و یەکێتی واژوو بکرێت، پارتی دیموکراتیی کوردستان “پیرۆزبایی پێشەکی” کردووە و دەیکات. گوتیشی: “دەبێت هەڵگرانی ئه‌و تێفکرینە نا لۆژیکییەی کە بەشێک لە سەرانی گۆڕان هەیانبووە و هەیانە و پێیان وایە کە لە دژایەتیی پارتی هەرچی لەچنگیان بێت دەیکەن، باش ئه‌وه ‌بزانن کە زۆر ڕێگایان تاقیکردە‌وە و له ئەنجامدا هیچ بە دەست لێی دەرچوون!". ئەوەشی دووپات کردەوە و گوتی: “ئێستا دەبێت باش بزانن و تێبگەن کە ئەگەر ڕێککەوتنەکەیان بە فشار و دژ بە پارتی دەبینن، ئه‌وە بەڵنیاییەوە ڕێککەوتنەکەیان لە زەمینی سلێمانی دەرناچێت و هیچ کاریگەرییەکی نابێت”.
Top