سەرۆكی پەرلەمانی عیراق گەیشتە سلێمانی

سەرۆكی پەرلەمانی عیراق گەیشتە سلێمانی
كەمێك لەمەوبەر سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمانی عیراق گەیشتە سلێمانی و بڕیارە لەگەڵ ئارام شێخ محەمەدی جێگری و سەرۆكی فراكسیۆنە كوردییەكانی پەرلەمان كۆبێتەوە.

دوای گەیشتنی بۆ سلێمانی، سەلیم جبوری لە وتەیەكیدا بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند "پاڵپشتی پەرلەمانتاران دەكەم كە داوای گرەنتی دەكەن بۆ ئەوەی جارێكی تر هێرش نەكرێتەوە سەریان، سكاڵاشمان تۆماركردووە لەسەر ئەو كەسانەی هێرشیان كردووەتە سەر پەرلەمانتاران و وێنەی ئەو كەسانەشمان لەبەردەستە".

وتیشی "سبەینێ لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنە كوردستانییەكان كۆدەبمەوە". جەختیشیكردەوە، ئامادەبونی پەرلەمانتارە كوردەكان لەبەغدا گرنگەو ئەوانیش سورن لەسەر ئامادەبونیان.

لای خۆشیەوە ئارام مەحمود، به‌رپرسی نووسینگه‌ی رۆژنامه‌وانی ئارام شێخ محه‌مه‌د جێگری‌ دووه‌می‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق، راگه‌یاند "دوای گەیشتنی، جبوری لەگەڵ ئارام شێخ محەمەد كۆدەبێتەوە، بۆ تاوتوێكردنی ئەو بارگرژییەی رۆژی شەممە 30 مانگ لەپەرلەمان روویداو هێرشكرایە سەر ئارام شێخ محەمەد".

خۆپیشانده‌رانی‌ به‌غدا له‌كاتی‌ چوونه‌ ناو باڵه‌خانه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق، هه‌فته‌ی‌ رابردوو هێرشیانكرده‌ سه‌ر ئارام شێخ محه‌مه‌د كه‌ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری‌ تردا گیریانخواردبوو.

سه‌ردانه‌كه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان، دوای‌ ئه‌وه‌دێت فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان پێنجشه‌ممه‌ 5ی‌ ئه‌م مانگه‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ به‌غدا، تا ئه‌وكاته‌ی‌ بارودۆخی‌ پایته‌خت روونده‌بێته‌وه‌‌و له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی‌ سیاسی‌ كورده‌وه‌ داوایان لێده‌كرێت. ئه‌وه‌ش به‌كۆبوونه‌وه‌ی‌ پێنج لایه‌نه‌ سیاسییه‌كه‌ی‌ هه‌رێم‌و یه‌كهه‌ڵوێستییان له‌باره‌ی‌ رووداوه‌كانه‌وه‌.

هه‌روه‌ها داواشیانكرد، وه‌زیره‌ كورده‌كانی‌ حكومه‌تی‌ عیراقی‌ به‌شداری‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران نه‌كه‌ن.
Top