حكومه‌تی كه‌نه‌دا هاوكاری زیاتری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ده‌كات

حكومه‌تی كه‌نه‌دا هاوكاری زیاتری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ده‌كات
جارێکی دیکە حکوومەتی کەنەدا پاڵپشتی خۆی بۆ ھەرێمی کوردستان دووپاتدەکاتەوە و، بڕیاریشە لە مانگی داھاتووەوە سەدان راوێژکاری دیکەی سەربازی بنێرێتە کوردستان بۆ ھاوکاریکردنی زیاتری پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش .

دوای شەڕی ھەفتەی رابردوو لە خوورماتوو لەنێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبی، میدیاکانی کەنەدا بڵاویانکردووەتەوە کەنەدا تۆمەتی شەڕەکە دەداتە پاڵ حەشدی شەعبی و دەڵێت؛ ئەجێندای وڵاتی دیکە لە خاکی عێراق جێبەجێدەکەن، ماڵپەڕی ئۆتاوا سیتیزن رایگەیاندووە:" بەھۆی ئەو شەڕە ئێستا لە کەنەدا باس لە ھاوکاریکردنی پێشمەرگە دەکرێت، بەڵام حکوومەتی کەنەدا دووپاتیدەکاتەوە بەردەوام دەبن لە ناردنی راوێژکار و ھاوکاری سەربازی بۆ پێشمەرگە ."

جەستن ترۆدیۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، پێش دوو مانگ پلانێکی نوێی وڵاتەکەی بۆ شەڕی دژی داعش ئاشکرا کرد و، بەپێی پلانەکە، نزیکەی ١٣٠ راھێنەری سەربازیی دیکەی کەنەدی دێنە کوردستان، وەزارەتی بەرگریی کەنەداش رایگەیاندووە ھاوکارییەکان بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.

بەپێی زانیاری ماڵپەڕە کەنەدیەکە، جۆناسان ڤانس، سوپاسالاری کەنەدا، کە ھەفتەی رابردوو سەردانی ھەولێری کرد و لەگەڵ سەرکردایەتی کورد کۆبووەوە، بەلێنی ھاوکاریی زیاتری بە پێشمەرگە داوە، کەنەدا رایگەیاندووە:" ئامانجی سەرەکیمان بەھێزکردنەوە و دووبارە بنیاتنانەوەی ھێزی بەرگری عێراقە".

بەپێی زانیاری میدیاکانی کەنەدا، بڕیارە لە ھاوینی ئەمساڵ ژمارەیەکی زۆری راھێنەری سەربازیی دیکە بێنە کوردستان بۆ مەشقی پێشمەرگە، ھاوکات پارتی لیبراڵی کەنەدی کە حکوومەتی بەدەستە لە پلانیدایە ملیۆنان دۆلار ھاوکاری دارایش بۆ پێشمەرگە بنێرێت، لەگەڵ ئەوانەش چەک و ھاوکاریی سەربازی بۆ پێشمەرگە رەوانە دەکات .

ماڵپەڕی ئۆتاوا رایگەیاندووە:' کورد زۆر باش سوودی لە ھاوکارییەکانی کەنەدا لە شەڕی دژی داعش وەرگرتووە، سنوورەکانی خۆی دیاریکردووە و ھەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆش دەدات، بەپێی راگەیەنراوی ھاوبەشی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی کەنەدا و سوپای وڵاتەکە، ئەرکی راوێژکارانی کەنەدا لە کوردستان سەرکەوتووانە بەڕێوەدەچێت و کەنەدا لەو رووەوە چالاکتر کار دەکات .

جۆناتا ڤانس لەبارەی ئالۆزییەکانی خوورماتوو رایگەیاندووە:" دەزانین ھەردوو ھێزەکە لە بیروڕا تەواو جیاوازن، باشتریشە تواناکان بۆ شەڕی داعش یەکگرتوو بن، بەڵام ئێمە ئەو ناکۆکییانە ناکەینە مەبەست بۆ راگرتنی ھاوکارییەکانمان و بەردەوام دەبین."

میدیاکانی کەنەدا ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ئاڵۆزییەکانی خوورماتوو سەرچاوەکەی حەشدی شەعبییە کە ئەجێندای ئێران لە ناوچەکە جێبەجێ دەکەن و، دەیانەوێت نێوانی پێکھاتەکان تێک بدەن .

سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە لە چەند رۆژی رابردوو و بەرپەرچدانەوەی داعش لە ھەموو میحوەرەکان، وای لە وڵاتان کردووە پێشمەرگە بەھێزی سەرەکیی دژی داعش دابنێن و ھاوکاریی زیاتری بکەن، ماڵپەری ئۆتاوا دەڵێت:' سەرکەوتنی پێشمەرگە لە مانگی نۆڤەمبەر بە ھاوکاری فڕۆکە ئێف ١٨ــەکانی کەنەدا یەکێک بوو لە گەورەترین سەرکەوتنەکانی دژی داعش، ئەمە لەکاتێکدایە کە کەنەدا فڕۆکەکانی لە شەڕی دژی داعش کشاندووەتەوە و، لەبری ئەوە ھاوکاریی سەربازی و ھەواڵگریی پێشمەرگە دەکات .







ZNA
Top