نوێنەرانی 15 وڵات گەیشتنە هەولێر

نوێنەرانی 15 وڵات گەیشتنە هەولێر
بە مەبەستی ئەنجامدانی 14ـیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی زمان و كولتوور، نوێنەرانی كولتووری و هونەریی 15 وڵاتی جۆراوجۆری دونیا، ئێستا لە هەولێرن.

بە ئامادەبوونی (نەوزاد هادی) پارێزگاری هەولێر و (تاهیر عەبدوڵڵا) جێگری پارێزگار، پێشوازی لە نوێنەرانی كولتووری و هونەریی 15 وڵاتی جۆراوجۆری دونیا كرا كە لە رێگەی رێكخراوی دیالۆگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ئێستا لە هەولێرن.

ئەم گرووپە نێونەتەوەییە، بۆ ئەنجامدانی 14ـیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی زمان و كولتوور لە هەولێرن، كاتێك ئەم فێستیڤاڵە ساڵانە لە زۆربەی وڵاتانی پێشكەوتووی دونیا بەڕێوە دەچیێت، ئەمجارە پایتەختی هەرێمی كوردستانیان هەڵبژارد.

پارێزگاری هەولێر، وێڕای بەخێرهێنانی شاندەكە، خۆشحاڵیی خۆی بە ناوی خەڵكی هەولێرەوە نیشان دا كە رۆژی چوارشەممە 4ـی ئایار، ئەم گرووپە گەورەیە چالاكییەكانی خۆیان لە هەولێر نماییش دەكەن.

(نەوزاد هادی) ڕاشیگەیاند كە، ئەم تابلۆیە گەورە جیهانییە نموونەیەكی گەورەی پێكەوەژیانی نەتەوە جیاوازەكانی دونیایە، كوردستانیش بێبەری نەبووە لە نەخشاندنی ئەم تابلۆ گەورە و فراوانەدا. ئەمەیشی بۆ لاوان و گەنجانمان بە ڕەوتێكی گرینگ وەسف كرد كە بیر لەوە بكەنەوە كولتووری نەتەوایەتیمان بگوازنەوە بۆ ئەوپەڕی دونیا.

دواتر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، (تاهیر عەبدوڵڵا) جێگری پارێزگاری هەولێر، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی كە ئەم گرووپە جیهانییە هەولێریان دەستنیشان كرد بۆ ئەوەی ئەم فێستیڤاڵەی تێدا ئەنجام بدرێت، (ئەردەلان عەبدولواحید) لە رێكخراوی دیالۆگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، ئەم فێستیڤاڵە لە 30 وڵاتی جیاواز ئەنجام دراوە، لەوانەش لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و خودی (باراك ئۆباما)ـی سەرۆكی ئەو وڵاتە لە دەستپێك و كردنەوەیدا ئامادە بووە و گوتاری تێدا خوێندووەتەوە، جیا لەوەیش لە زۆربەی وڵاتانی ئەورووپاییش ئەم فێستیڤاڵە بەڕێوە چووە.







KDP
Top