سیاسەتمەدارێکی کورد: پێویستە ھەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت

سیاسەتمەدارێکی کورد: پێویستە ھەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت
سیاسەتمەدارێکی کورد دەڵێت، سێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق لەکارەکانیان سەرکەوتوو نەبوون، بۆیەش عێراق بەو دۆخە گەیشتووە، لەبەر ئەوە پێویستە ھەڵبژاردنی پێش وەختە بکرێت.

سیاسەتمەداری کورد مەحمود عوسمان راگەیاند:" ئەوەی دوێنێ لەبەغدا روویدا چاوەروانکرابوو، لەبەر ئەوەی ماوەیەکه‌ خۆپیشاندان دەکرێت لەبەر ئەوەی خەڵک رازی نییە لەنەبوونی خزمەتگوزاری و بوونی گەندەڵییه‌كی زۆر، بۆیە رابەری رەوتی سەدر پێی وتوون بچنە ناوپەرلەمان و کەسیش رێگری لێ نەکردووە ئەوکارە رویداوە.

وتیشی: ئەو رووداوانەی کە لە بەغدا رویانداوە ھیچ سودێکی بۆ کورد نییە، لەبەر ئەوەی تاوەکو ئێستا ئێمەش بەشێکین لە عێراق وئەگەر بەغدا قەرز بدات پێویستە پشکی ئێمەش بدات و لەشەری داعش بەھەمان شێوە.

مەحمود عوسمان ڕوونیشی کردەوە: پێویستە کورد ناوماڵی خۆی رێکبخاتەوە وگرنگی بەئابوری خۆی بدات وپەرلەمان کارا بکرێتەوە وبەرەو ریفراندۆم بچن، ئەم کارانە لەھەموو کاتێک پێویستە ئەگەر عێراقیش سەقامگیر بێت.

عوسمان باسی لەوەشکرد: ئەوروداوانە ئەوە دەسەلمێنێت کە عەبادی وپەرلەمان لەکارەکەیان سەرکەوتوو نەبوون، بۆیە پێویستە ھەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت لەبەر ئەوەی پەرلەمان گرنگی نەماوە وسێ سەرۆکایەتیەکەش سەرکەوتوو نەبوون وناتوانن ھیچ بکەن.
Top