"سبه‌ى ئەنجومەنی وەزیران، چەند پرسێكی گرنگ تاووتوێ ده‌كات و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە دەرده‌كات"

وته‌بێژى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان رایگه‌یاند، بڕیارە سبەینێ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمى كوردستان كۆبێتەوە و چەند پرسێكی گرنگ تاووتوێ ‌بكات و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە دەربكات، كە گرنگترینیان هەوڵی چەند وەزارەتێكە بۆ زیادكردنی داهات.

(سه‌فین دزه‌یى) وته‌بێژى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، پێوه‌ست به‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران، به‌ ماڵپه‌رى فه‌رمیى پارتى دیموكراتى كوردستانى رایگه‌یاند: "بڕیارە سبه‌ى دووشەممە 2/5/2015 ئەنجوومەنی وەزیران كۆبوونەوەیەكی ئاسایی ساز بكات و زۆرینەی كاتەكەشی بۆ گفتوگۆ كردن لەسەر پرسە داراییەكان تەرخان دەكرێت.

(دزه‌یى) گوتیشى: "گفتوگۆ لەبارەی دوا زانیاری سەبارەت بەمووچەی مانگی ئازار و زانیاری لەلایەن فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، سەبارەت بەبڕیارەكانی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران و لیژنەی روبەڕوبونەوەی قەیرانی دارایی، گفتوگۆكردن لەسەر پێشنیازی وەزارەتی شارەوانی ‌و گەشتوگوزار بۆ داڕشتنی رێنماییەكی نوێ‌ و گشتگیر بەمەبەستی تەرخانكردنی زەوی بۆ سەرجەم سودمەندنەبوان لەسەرتاسەری هەرێم ده‌كات.

وته‌بێژى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌شڵێت، بەشێكی تری كۆبوونەوەكە بریتییە لە خستنەڕووی پرۆژەی زیادكردنی داهاتی گشتی لەلایەن چەند وەزارەتێكەوە، لەوانەش بازرگانی و پیشەسازی، گواستنەوە و گەیاند، پلاندان لەگەڵ فڕۆكەخانەكان. پابەندبوونی وەزارەت و دامودەزگاكان بە ناردنی زانیاریی دروست سەبارەت بەو كەسانەی لەبودجەی گشتی سودمەندبوون لەوەرگرتنی مووچەو پاداشت.





KDP
Top