دەیڤد فلیپس: ئەو ریفراندۆمەی بارزانی پێشنیازی كردووە كۆتاییەكەی گەیشتنە بە سەربەخۆیی
لە میانی بەشداریكردنی لە كۆنفرانسی نوێنەرایەتیی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە واشنتنی پایتەختی ئەمهریکا، (دەیڤد فلیپس) سەرۆكی بەشی مافی مرۆڤ لە زانكۆی كۆلۆمبیا لە نیویۆرك رایگەیاند: "ئەو ریفراندۆمەی (بارزانی) پێشنیازی كردووە دەستپێكردنی ئەو پڕۆسەیە كە كۆتاییەكەی گەیشتنە بە سەربەخۆیی، من ئەو پێشنیازەم كرد كە حكوومەتی ھەرێم ماوەی ساڵێك دیار بكات بۆ ئەم پڕۆسەیە، لەم ماوەیەدا كار بكات بۆ چارەكردنی ئەو كێشە و گرفتانەی لەگەڵ بەغدا ھەیانە، ھەروەھا دانوستان گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بكەن، لەسەر باسكردنی ریفراندۆم و چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی".
گوتیشی: "كوردانی عێراق خەونەكەیان كە سەربەخۆییی كوردستانە، لە دەستووری 2005ی عێراقدا بنەمای داڕشتنەوەی ئەو دەستوورە ئەوەبوو كە، كورد مافی دیاریكردنی چارهنووسی خۆی ھەبێت، ئەمەش بۆ ئەو مەبەستەی كورد ھەست بكات بەشێكە لە عێراق، بەڵام بەداخەوە سیاسەتمەدارە گەندەڵ و لاوازەكانی عێراق وڵاتەكەیان گەیاندە دەوڵەتێكی فاشل".
(دەیڤد فلیپس) باسی لەوەش كرد: "با ئێمە خۆمان لەوە نەدزینەوە عێراق نزیك بووەتەوە لە پارچە بوون، ئەوەش زۆر گرینگە كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ واقیعدا مامەڵە بكات، خۆیان لەو فەنتازیایە بە دوور بگرن كە عێراق بەرەو دیموكراسیبوون دەچێت، لە راستیدا حكوومەتی عێراق ھیچ پابەند نەبووە یان ھیچ مافێكی كوردی لە ناو دەستووردا جێبەجێ نەكردووە، ئەمە كێشەی سەرەكییە، (نووری مالیكی) و (حەیدەر عەبادی) ھەموویان وەك یەكن، چەندین جار (سەرۆك بارزانی) ئەوەی دووپات كردوەتەوە كە ئاواتی كوردە سەربەخۆ بێت".
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "(سەرۆك بارزانی) باسی لەوە كردووە پێش ھەڵبژاردنی ئەمهریكا ریفراندۆم دەكرێت، ئەو بڕوای وایە كە لە رێگەی ریفراندۆم، دەكرێت پشتگیریی نێودەوڵەتی بە دەست بێنن، بۆ گەیشتن بە خەونە گەورەكەیان، بەڵام گەر ریفراندۆم بكرێت پێویستە خەڵكی ناوچە كێشە لەسەرەكان وەك كەركووك، نەینەوا، دیالە، بەشداری بن و دەنگ بدەن لەسەر ئەم ریفراندۆمە".
سەرۆكی بەشی مافی مرۆڤ لە زانكۆی كۆلۆمبیا لە نیویۆرك، 25 ساڵ لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمهریكا كاری كردووە و نووسەری كتێبی (بەھاری كوردی: نەخشەی نوێی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست)ه، كە باس لە پاشهڕۆژی كورد دەكات لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
