فه‌رمانده‌یه‌كی پێشمه‌رگه‌: تاكە رێگاچارە ده‌ركردنی حەشدی شەعبییه‌ لە خورماتوو

 فه‌رمانده‌یه‌كی پێشمه‌رگه‌: تاكە رێگاچارە ده‌ركردنی حەشدی شەعبییه‌ لە خورماتوو
جێگری فەرماندەی لیوای 6ـی هێزی پێشمەرگە لە خورماتوو دەڵێت، حەشدی شەعبی ئەو رێككەوتنەی پێش دوو رۆژ لەگەڵ كورد ئەنجامی دا، بۆ ئەوە بوو كە زیاتر بەرگری لە خۆیان بكەن و دەرنەكرێن، چونكە گوشاری زۆریان لەسەر بوو و، ئەگەر ئەو رێككەوتنە نەكرابووایە لە خورماتوو دەردەكران.

(بارزان ئەحمەد خاڵە)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیار بوو ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەك لە نێوان هێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی ئەنجام بدرێت لەبارەی ئاساییكردنەوەی دۆخی خورماتوو، بەڵام بەرپرسانی حەشدی شەعبی ئامادە نەبوون، بۆیە كۆبوونەوەكە بۆ سبەی دوا خرا".

(خاڵە) گوتیشی: "ئەمڕۆ تەنیا هەندێك تەقە هەبوو و شەڕ رووی نەداوە و ئێستایش تا ڕادەیەك دۆخەكە ئاساییە، گەشبینیش نیم سبەی كۆبوونەوەكە سەركەوتوو بێت، چونكە تاكە رێگاچارە بۆ ئەو كێشەیە ئەوەیە كە حەشدی شەعبی لە خورماتوو دەربكرێت".

جێگری فەرماندەی لیوای 6، دەشڵێت: "ئەو گوشارەی لەلایەن كوردەوە لەسەر حەشدی شەعبی دروست كرابوو، بەردەوام بووایە دەتواندرا لەو شارۆچكەیە دەریان بكەین، بەڵام زانییان توانایان نەماوە، داوایان كرد رێككەوتن بكرێت و كۆ ببنەوە، هەر بۆیەیش هاتن لەگەڵ كورد كۆ بوونەوە بۆ ئەوەی خۆیان رێك بخەنەوە، ئەگەر نا رێككەوتنەكە هیچ سوودێكی نەبووە".

باسی لەوەیش كرد كە، كۆبوونەوەكەشیان كرد و خۆیان زیاتر راگرت و، دواتریش بۆ ئێوارەكە هێرشیان كردە سەر كورد، بۆ ئەوەی ئەو شوێنانەی لە دەستیان داون، بیانگرنەوە، بەڵام سەركەوتوو نەبوون.
Top