تەرمی ئەو کەسە دۆزرایەوە کە لەگەڵ كوڕەكەی لە رووبارى خابوور خنكان

 تەرمی ئەو کەسە دۆزرایەوە کە لەگەڵ كوڕەكەی لە رووبارى خابوور خنكان
دوای نۆ رۆژ لە خنکانی لە رووباری خابوور، ئەمڕۆ سێشەممە تەرمی هاووڵاتیەک لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانی دهۆک دۆزرایەوە.

رائید بێوار عەبدولعەزیز، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەرگریی شارستانی پارێزگای دهۆك راگەیاند، دوای نۆ رۆژ لە خنکانی ئەمڕۆ سێشەممە 26-4-2016 بەهاوکاری تیمەکانی بەرگریی شارستانی دهۆک توانرا تەرمی "لوئەی موحسین محەممەد"، تەمەن 26 ساڵ لە رووباری خابوور بدۆزرێتەوە.

رۆژی 18-4-2016 لوئەی موحسین محەممەد لەگەڵ کوڕەکەیدا بەمەبەستی گەشتووگوزار دەچن بۆ نزیک ئاوی خابوور و دوای ئەوەی کوڕەکەی دەكەوێتە ناو رووبارەكە، باوكی بۆ رزگارکردنی دەچێت و هەردووکیان لە ئاوەکەدا دەخنکێن.

رائید بێوار عەبدولعەزیز گوتیشی، ئەو باوك و كوڕە خەڵکی زوومارن و تاوەکو ئێستا نەتواندراوە تەرمی کوڕە حەوت ساڵانەکەی بدۆزرێتەوە، تیمەکانیش لەگەڕانی بەردەوامدان بۆ دۆزینەوەی منداڵە خنکاوەکە.

باوك و كوڕەكە ئاوارەی ناوچەی زوومارن و باوكەكە ویستوویەتی وێنەی كوڕەكەی بگرێت، بەڵام كوڕەكەی كەوتووەتە نێو رووبارەكە، لەكاتی هەوڵدانی باوكەكەش بۆ رزگاركردنی، هەردووكیان خنكاون.
Top