یەكگرتوو: هیچ فشار و بێ ڕێزییەك قبووڵ ناكەین

 یەكگرتوو: هیچ فشار و بێ ڕێزییەك قبووڵ ناكەین
ئەمڕۆ سێشەممە مەكتەبی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامی ڕاگەیەندراوێكی لەسەر رووداوەكانی دوزخورماتوو بڵاوكردەوە و تیایدا دەڵێ هیچ فشار و بێ ڕێزییەك لە هیچ لایەنێك قبووڵ ناكەن. دەستخۆشییش لە هێزەكانی پێشمەرگە دەكەن.


لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە "ئیدانەی هەموو جۆرە شەڕ و توندوتیژییەك دەكەین كە لەنێوان لایەنە سیاسی و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبیەكانی عێراقی فیدراڵدا دروست بێت، داوا دەكەین پارێزگاری لە سەنگ و قورسایی و تایبەتمەندی هەر پێكهاتەیەكی ناو ئەم كۆمەڵگایەی عێراقی فیدراڵ بكرێت".


هەروەها هاتووە "ئێمە چاوەڕوانی هەماهەنگی هێزەكانی سوپای عێراق و مولحەقەكانمان دەكرد هاوكاری هێزی پێشمەرگە بكەن لە رزگاركردنی ناوچە داگیركراوەكانی ژێر دەستی داعش. بەڵام بەداخەوە ئێستە بەشەڕی حەشدی شەعبی لەگەڵ پێشمەرگە دوور نییە مەترسییەكان گەورەتر ببن. بۆیە داوا لە لایەنە سیاسییە كوردییەكان دەكەین بەیەك هەڵوێستی و یەك گوتاری و یەك سیاسەت رووبەرووی ئەم دەستدرێژیە سەربازی و سیاسییانە ببنەوە".


یەكگرتووی ئیسلامی دەڵێ "ئێمە لەگەڵ ئاشتی و ئیستقرارداین و هیچ جۆرە فشار و بێ رێزییەك لە هیچ كەس و لایەنێك قبووڵ ناكەین و دەستخۆشی لە هێزی پێشمەرگەش دەكەین لە پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان لە كورد و گشت پێكهاتەكانی دوزخورماتوو و داوا دەكەین هەر هێزێكی هاوردە لە ناوچەكە دوور بكەوێتەوە و پاراستنی ئەمنیەتی ناوشار بدرێتەوە دەست هێزەكانی پۆلیس و ئاسایشی فەرمی شار و دەزگا فەرمیەكان".
Top