عەلی عەونی: حەشدی شەعبی پیلانێكی دیكەی دوژمنانی سەربەخۆیی كوردستانە

 عەلی عەونی: حەشدی شەعبی پیلانێكی دیكەی دوژمنانی سەربەخۆیی كوردستانە
ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی ڕایگەیاند نەیارانی سەربەخۆیی كوردستان سیناریۆی زۆریان بۆ لەباربردنی پرسی سەربەخۆیی ھەرێمی كوردستان داڕشتووە و حەشدی شەعبییش یەكێك لەوانەیە.


ماوەی چوار رۆژە ئاڵۆزییەكانی دوزخورماتوو بەردەوامە، ئەگەرچی بڕیار بوو رێكکەوتنەكەی رۆژی یەكشەممەی ڕابردووی نێوان لایەنی كوردی و حەشدی شەعبی دۆخەكە ئارام بكاتەوە، بەڵام چەكدارانی حەشدی شەعبی لە پەلاماردانی كوردەكان بەردەوامە و ئەمڕۆش نەھاتوونەتە كۆبوونەوە چاوەڕوانكراوەكەیان لەگەڵ بەرپرسانی پێشمەرگە و یەكێتی.

عەلی عەونی ئەندامی سەركردایەتی پارتی گوتي "لە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی نزیک دەبینەوە و نەیاران هەرجارە و کۆسپێکی دەخەنە سەر رێگە، بەڵام کورد هەموویان تێدەپەرێنێ و سەردەکەوێ".


بەگوتەی عەلی عەونی، هەرێمی کوردستان هەتا لە سەربەخۆیی نزیکتر دەبێتەوە، نەیاران تووشی ئاستەنگی دەکەنەوە، حەشدی شەعبیش یەکێکە لەو ئاستەنگانەی ئەم جارەیان بەگژ کوردیاندا کردووە.


ئەو ئەندامی سەرکردایەتییەی پارتی گوتیشی "دوژمنانی نەتەوەی کورد سەرەتا داعشیان تووشی کورد کرد، بۆ ئەوەی ئەولەویەتی کورد لە سەربەخۆییەوە بۆ شەری داعش بگۆڕدرێ، بەڵام بە هیوای خودا و بە هیمەتی پێشمەرگەی کوردستان ئەو مەترسییە لەسەر کورد ڕەوییەوە و کورد توانی شکست بە داعش بهێنێ".


عەلی عەونی ئەوەشی خستەڕوو لە پیلانی دواتریاندا هەوڵیان دا شەڕی نێوان پارتی و پەکەکە دروست بکەن و لەوەشدا شکستیان هێنا، ئەمجارەیان لە رێگەی حەشدی شەعبییەوە دەیانەوێت رێگا لە هەرێمی کوردستان بگرن و سنوورەکانی هەرێمی کوردستان داگیر بکەن و شەری تایفی و هەرێمی دروست بکەن و تەنیا ئامانجیشیان بۆ ئەو کارە دوورخستنەوەی هەرێمی کوردستانە لە سەربەخۆیی".


سەبارەت بە ڕۆڵی کورد لەو بارودۆخەدا عەلی عەونی گوتی "سەرەتا کورد دەبێ یەکڕیزی خۆمان بپارێزین و دووەم کار بکەن بۆ ئەوەی حەشدی شەعبی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بکشێنەوە".


هاوکات ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی گوتی "کوردستان چەندین نەتەوەی تێدایە و مێژووش دەریخستووە کە ئێمە بە کردەوە باوەڕمان بەو پێکەوە ژیانە هەیە و ئەوە ڕاست نییە کە حەشدی شەعبی بەبیانووی پاراستنی شیعەوە هاتووەتە ئەو ناوچەیە، بەپێچەوانەوە حەشدی شەعبی کێشەی بۆ ئەوان دروست کردووە و تووشی ماڵوێرانی و کوشتن و بڕینی کردوون، بەڵام ئەوە پێشمەرگەیە کە بەکردەوە و لەسەر زەمینی كەتوار پارێزگاری لە ماڵ و ژیانیان دەکەن و کورد هەرگیز کێشەی ئایین و مەزهەبی نەبووە".
Top